بە پێی ڕاپۆرتی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زیندانی سیاسی کورد حەسەن ڕەستگاری کە لە گرتوخانەی ناوەندی ورمێ حەپس کراوە لە سەر سکاڵای بەرپرسی بەشی رێنمایی ڕۆحی زیندان ۲(اندرزگاە روانی زیندان) بە تۆمەتی بێڕێزی بە ڕێبەر(خامنەیی)و کێشەساز کردن لە نێو گرتوخانەدا لە لقی ۱۱ دادیاری ورمێ دادگایی کرا.
بەپێی هەواڵ نێری فوڕات و بە پێی وتەی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان ڕۆژی شەمە ۲٦ی گەلاوێژ یەکەم کۆبونەوەی دادگای ڕەستگاری لە هەلو مەرجێکدا بەڕێوە چوو کە ئەمیش سکاڵای لە دژی حوسەین قەرەباغی تۆمار کردوە و تاوەکو ئێستا هیچ وڵامێک بۆ ئەو سکاڵایە نەدراوەتەوە.
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا هاتوە کە ڕۆژی ۱۱ی جۆزەردان حوسەین قەرەباغی بەرپرسی بەشی ڕێنمایی ڕۆحی (اندرزگاە روانی) و دەرمانی ۲ ئەمری کردوە بەم گیراوە سیاسیەی کورد کە دەبێت تەختی خەوەکەی بدات بە کەسێکی تر و ڕەستگاری بەرهەڵستی ئەم داواناڕەوا دەبێتەوە لە ئاکامدا دەکەوێتە بەر غەزەبی قەرە باغی وچەن زیندانیکی قورمیش کراو و دوو پەنجەی حەسەنی ڕەستگاری دەشکێت و بەجێی ئەوەی هەناردەی بێهداری بکرێت بۆ ماوەی ٥ڕۆژ هەناردەی ژووری تاکەکەسی دەکەن.
دیسان ڕەسگاری لە ۲٥جۆزەرداندا هەناردەی بەندی زیندانیانی ماڵی دەکرێت و لە گەڵ بەندیک کە لەژێر چاوەدێری ڕەوانیدا بوە بەناوی ڕەشید زولفیزادە کە بەرپرسان هانییان دابوو بۆ ئەوەی بێرێزی و جوێن وناشیرین بدات بە زیندانیانی کورد لە لایە حەسەن ڕەستگارەوە ئەمە قبووڵ ناکرێت و دەمەقاڵێ دەست پێدەکات کە دیسان قەرەباغی و چەند ئەشکەنجەگەرێک دێنە ناو ژورەکەوە و هاوکات لە گەڵ زولفیزادە لێدانێکی نامرۆڤانە دەدرێت لە حەسەن ڕەستگاری.
سەرەڕای ئەوەی کە چەندین کەس لە زیندانیان شاهیدی ئەوەی دەدەن کە چەندین کەس پێکەوە ڕژاونەتە سەری و لێیان داوە بەڵام بەرپرسان سەرەڕای ئەوە سکاڵای ڕەستگاری پشت گوێ دەخەن ڕۆژی پێنج شەمە ۳ی پوشپەڕ ئەم زیندانییە سیاسییەی کورد هەناردەی لقی ٦ی دووبارە لێپرسینەوە دەکرێت و دۆسییەکی نوێی بۆ دەکەنەوە.
شایانی باسە حەسەن ڕەستگاری هاوڵاتی شاری ورمێ لە خەزەڵوەری ۹۳ی هەتاویدا بە تۆمەتی پشتگیری لە بەرخۆدانەکانی کوبانی لەشاری ورمێ لە گەڵ ۱٥ هاووڵاتی تر دەستبەسەر دەکرێت و لە دوای یەک ساڵ مانەوە لە زیندانی ناوەندی ورمێ هەناردەی بەشی ڕەوان دەرمانی دەکرێت و لە خەرمانانی ساڵی ۹٤دا لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێوە بەتۆمەتی شێواندنی نەزمی کۆمەڵگا و هەوڵ دژی ئەمنیەتی نەتەوەیی ۱٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان