بەرزبوونەوەی ڕێژەی کۆڵبەرانی بریندارکراو لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود

ک.م.م.ک:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی شەممە ١٠ی گوڵانی ٢٧٢٢ی کوردی، دوو کۆڵبەری مێرمنداڵ بە ناوەکانی فەرهان مینایی ١٥ساڵ تەمەن و ڕامین باوەجانی ١٦ساڵ تەمەن خەڵکی شاری سەلاسی باوەجانی، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود بریندار کران.

بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە چەکدارەکانی ئێران بە بێ هۆشداری پێدانی پێشوەختە، دەسڕێژیان لەم دوو کۆڵبەرە کردووە و بە خەستی بریندار کراون و بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی ناوەندێک دەرمانی لە سەلاسی باوەجانی کراون.

شیاوی باسە کە،هەر لەو ڕۆژەدا دوو کۆڵبەری دیکەیش لەو سنوورە لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بریندار کراون.

هەر لەم پەیوەندییەدا ڕۆژی شەممە ١٠ی گوڵان، کۆڵبەرێک بە ناونیشانی سەفەر سوبحانی کوڕی حەیدەر خەڵکی گوندی دووریسانی سەر بە شاری پاوە بە تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران گیانی لە دەست داوە و کۆڵبەرێکی دیکەیش بە ناونیشانی فەرشید قادری زادە خەڵکی گوندی دشەی سەر بە شاری پاوە بریندار کرابوو کە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان هەواڵەکەی بڵاو کردبوویەوە.

جێی سەرنجە کە کۆماری ئیسلامی ئێران هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستە لە کوشتووبڕی کوردان دەستی نەپاراستووە و هەر جارە و بە بیانوویەک پەلاماری خەڵکی کوردی داوە، ئەمە لە حاڵێکدایە کە بۆ خۆی جگە لەوەی سەرخان و ژێرخانی کوردستان بەتاڵان دەبات هەر لە ناوچە سنوورییەکانی کوردستانیش کە کۆڵبەران بۆ بژێوی ژیانی ڕۆژانەیان کۆڵبەری دەکەن بۆ خۆی مافیای بەڕێکردن و گواستنەوەی کاڵای قاچاخە و دەیان گرووپ و کۆمەڵی ڕێکخستووە کە کاری بۆ دەکەن و بۆ شاردنەوەی کردەوەکانی خۆی هەڵدەکوتێتە سەر گیانی کۆڵبەرانی کورد و دەیان کوژێت.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *