ک.م.م.ک:
سێشەممە 6ی گوڵانی 2722ی کوردی، سوعدا خەدیرزادە هاوڵاتی خەڵکی پیرانشار بە مەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین لەسەڕ ناڕوونی چارەنووسی، دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و دەرمان.
بەپێی سەرچاوەیەکی باوەرپێکراو، بەرپرسی زیندانی کۆماری ئیسلامی لە ورمێ چاوپێکەوتنی لەگەڵ ناوبراو ئەنجام داوە و داوای لێکردووە کە کۆتایی بە مانگرتنەکەی بهێنێت، بەڵام ئەو ژنە داواکارییەکەی بەرپرسی زیندانی ورمێ ڕەت کردووە.
سۆعدا خەدیرزادە هەروەها داخوازیی پزیشکەکان بۆ ئەنجامدانی سۆنۆگرافی و بەکاربردنی دەوا و دەرمانەکانیش ڕەت کردووە.
شایانی باسە کە، پێشتر ناوبراو لە دوو نامەدا، لەسەر بارودۆخی خراپ لە زیندان و بەهۆی دووگیانی، فشاری خوێن، نەخۆشی گورچیلەی، پشت ئێشە و نەخۆشی دڵ و باری دەرونی خۆی، بۆ دادستانی دادگای کۆماری ئیسلامی لە پیرانشار دخوازی گۆڕینەوەی بڕیاری کاتیی دەسبەسەری بە بارمتەی کردبوو، بەڵام بە هۆی دژایەتی دادستان و بەرپرسی دۆسییەکەی لەگەڵ ئەو داخوازییە، داخوازییەکەی بێ ئەنجام مابوو.
شایانی باسە کە، تا ئێستا لەسەر هۆکاری دەسبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراو کراون، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
جێگای ئاماژەپێدانەکە، ئەو هاوڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەریدا لە دەستپێڕاگەیشتن بە پاڕێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە
بێبەری کراوە.
سۆعدا خەدیرزادە ڕۆژی پێنجشەممە 22ی ڕەزبەری 2721 دا لە لایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەسبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتووخانەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە ورمێ ڕاگوێزرابوو.
جێگای باسە کە ناوبراو لە ماوەی دەسبەسەری دا، دووگیان بووە.
ع. س