تیژۆر(تێخ)ی قەدەغە لە سەر نووسەرانی کورد/ مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی پەڕتووکی ”کوردەکان لە ئێران” بەتاڵ کرا

ک.م.م.ک:
بڵاوکردنەوەی پەڕتووک بە زمانی کوردی لە هەر دوو سەردەمی پەهلەوی و کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوام ڕووبەڕوو بووە لە گەڵ کێشە و گرفتی زۆر بووە. سەپاندنی زمانی فارسی، سڕینەوەی سیستەمانەی فرەچەشنی نەتەوەیی و زمانی لە سەردەمی پەهلەوی، لە سیاسەتە سەرەکییەکانی حکوومەت بووە و بە پێی زانیاری و ئەو نامانەی کە هەنووکە پاش دەیان ساڵ بڵاو کراونەتەوە، چاپ و بڵاوکردنەوەی هەر چەشنە پەڕتووکێک بە زمانی کوردی و هەڵبەت زمانگەلی وەکوو ئازەری، بەلووچی و هتد، تێکدەری سیاسەتگەلی داسەپاوی حکوومەت بە مەبەستی فارسیزە کردنی کۆمەڵگای بندەست بووە و هەربۆیە قەدەغە کراون.
لە سەردەمی کۆماری ئیسلامی ئێران گەرچی لە یاسای بنەڕەتی ئاماژە بە فێرکاری بە زمانگەلی نەتەوەکان و بڵاوکردنەوە بەو زمانانە دراوە، بەڵام پاش ٤٤ ساڵ دەسەڵاتدارێتی کۆماری ئیسلامی ئێران، نە پەروەردەیەک بە زمانی نەتەوە بندەستەکان دێتە ئاراوە و نە هیچکاتیش بڵاوکردنەوەی ئاسەوار بە زمانەکانی کوردی، ئازەری و هتد بە بێ گرفت و بە تەرزێکی ئازاد لە ئارادا بووە.

نووسەران و خامە بەدەستانی کورد، بەلووچ، عەرەب، ئازەری و هتد بۆ بڵاوکردنەوەی نووسراوەکانی خۆیان دەبێ سەردانیی سەدان ئۆرگانی حکوومی بکەن و لە کۆتاییدا زۆرینەیان لە وەرگرتنی مۆڵەتی چاپ ناسەرکەوتوو دەمێننەوە، لە بەرهەمگەلی کەمیش کە لە کۆتاییدا مۆڵەت وەردەگرن، پاش وەرگرتنی مۆڵەتگەلێک لە زۆربەی حاڵەتەکان پێوەندییەکی بە بڵاوکردنەوەی پەڕتووکەوە نییە، بە چەشنێک سانسۆڕ دەکرێن، کە ئاسەورێک لە ڕەنج و ئیدەی سەرەکی نووسەر نامێنێتەوە.

ئەم زۆردارییە لە حاڵەتگەلێکدا لە مژاری پەڕتووکەکە لە پێوەندی لە گەڵ نەتەوەکان و کۆمەڵگای بندەستەوە وەکوو کوردەکان، بەلووچ و عەرەب و هتد ـ وە بێت، بەڕێژە زێدەتر دەبێت، زۆربەی ئاسەوارگەلێک کە لە پێوەندی لە گەڵ ئەم شوناسی نەتەوەییانەوە دەنووسرێن، مۆڵەتی چاپ وەرناگرن و نووسەرانی پەڕتووک گەلی لەم شێوە لە گەڵ ئازار و ڕەنجی بێ کۆتایی ڕووبەڕوو دەبنەوە.

بە پێی یاساکانی حکوومەتی ئێران و بە پێی پەسەندکراوی شۆرای باڵای شۆڕشی کەلتووری لە ساڵی ١٣٦٧، وەزارەتی ئیڕشادی ئێران بەرپرسی دەرکردنی مۆڵەتی چاپ و بڵاوکردنەوەی پەڕتووکە.
بە پێی ئەم پەسندکراوە، هەموو کتێبە بڵاوکراوەکان لە ئێران، دەبێ بەر لە بڵاو کردنەوە، مۆڵەت وەربگرن. ئەم پەسندکراوە ئەگەری سانسۆڕ و لە هەندێ حاڵەتدا قەدەغەی تەواوی بڵاوکردنەوەی پەڕتووک دێنێتە ئاراوە.
چوونکوو جگە لە سانسۆڕگەلێک کە لە سەر ناوەڕۆک و ڕستەکانی دەقی هەندێ لە پەڕتووکەکان جێبەجێ دەکرێن، پەڕتووکگەلێکیش لە وەرگرتنی مۆڵەتی بەر لە بڵاوکردنەوە قەدەغە دەکرێن یان لە حاڵەتگەلێکیش پاش بڵاوبوونەوە، مۆڵەتی دابەشکردن وەرناگرن یان مۆڵەتی بەر لە چاپی ئەوانە بۆ چاپەکانی دواتر پووچەڵ دەکرێتەوە.

ئەمە بەدەر لەوەیە کە قۆناغەکانی بڵاوکردنەوەی پەڕتووک لە ئێران بۆ خۆی پڕۆسەیەکی ئاڵۆز و تاقەت پڕووکێنە کە لە خۆیدا گوشاری تاقەت پڕووکێن دەخاتە سەر نووسەران. سەردانی نووسەر بۆ لای بڵاوکەرەوە و هەڵەگیری و پەسنکردنی پەڕتووک لە لایەن بڵاوکەرەوەوە، وەرگرتنی شابەک بۆ پەڕتووک و تۆمارکردنی لە پەڕتووکخانەی نەتەوەیی ئێران بۆ وەرگرتنی فیپا، پڕکردنەوەی فۆڕمی بەر لە بڵاوکردنەوەی پەڕتووک لە لایەن بڵاوکەرەوە و نووسەرەوە بۆ وەزارەتی ئیڕشاد، ئەگەری سانسۆڕ، دەستەواژەکان و سڕینەوە لە لایەن بڵاوکەرەوە، ئەگەری سڕینەوە، سانسۆڕ و دەستەواژەکان لە لایەن وەزارەتی ئیڕشادەوە و ئەوەی کە هەندێ لە پڕۆسانە ئەگەریان هەیە، چەندد جارێک دووپات ببنەوە.

شیاوی باسە کە ئەم پڕۆسەیە لە هەمبەر بڵاوکردنەوە و چاپی پەڕتووک بە زمانی کوردی یان سەبارەت بەو پەڕتووکانەی کە بە زمانی فارسی نووسراون، بەڵام لە پێوەندی لە گەڵ مژارگەلێک لە پێوەندی بە کوردستانەوە بێت، زۆر ئاڵۆزتر دەبێت و لە زۆرینەی حاڵەتەکان دەبێتە هۆی سڕینەوە و قەدەغەکردنی پەڕتووک یان بەرهەمی نووسراو.
بۆ وێنە ئاسەواری دوو نووسەری کوردستانی” جەلال مەلەکشا و ئەحمەد نەزەری” بەردەوام لە گەڵ قەدەغە و سانسۆڕ ڕووبەڕوو بوونەتەوە.
یەکێکی دیکە لەو بەرهەمانەی کە تازە لە گەڵ یاساغ ڕووبەڕوو بوەتەوە، پەڕتووکی« کوردەکان لە ئێران» بەرهەمی نووسەری کورد “دوکتۆر لوقمان قەنبەری”ـیەوەیە. بڵاوکەرەوەیەک کە بڕیار بووە بواری بڵاوکردنەوەی ئەم پەڕتووکە بڕەخسێنێ، لە کۆتاییدا بە نووسەر ڕادەگەیەنێت کە بڵاوکردنەوەی ئەم پەڕتووکە هەڵوەشاوەتەوە و ئیڕشادی ئیسلامی مۆڵەتی چاپی ئەم پەڕتووکە نادات.
وەزارەتی ئیڕشادی ئیسلامی سەرەتا مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی دەرکردووە، بەڵام پاش چاپی یەکەم و خۆئامادەکردنی بڵاوکەرەوە و نووسەر بۆ دابەشکردنی، ئیڕشادی ئیسلامی ئەو مۆڵەتەی دەری کردبوو، بێ نرخ و پووچەڵ ڕایگەیاند و چاپ و بڵاەکردندوەی پەڕتووکەکەی یاساغ ڕادەگەیەنێت. لە درێژەدا ئیڕشادی ئیسلامی داوا دەکات کە پەڕتووکەکە کۆبکرێتەوە و وەرگێڕی پەڕتووکیش لە ناساندن و دابەش کردنی پەڕتووکەکە بێبەری دەکرێت.”

شیاوی باسە کە کۆمەڵگای زانستی و زانستگایی و بەتایبەتی زانکۆکان و ئەنجوومەنگەلی زانستی سیاسیی تا ئێستە هیچ دژکردەوەیەکیان بەرانبەر بەم سانسۆڕ و قەدەغەیە نەبووە.

حکوومەتی ئێران بڵاکردنەوەی ئاسەوار و پەڕتووک لەسەر کوردستان بە هەستیار و ئەمنییەتی دەنرخێنێ و بە بەکارھێنانی ئۆرگانە ئەمنی و ئیتلاعاتییەکان، لە بڵاوکردنەوەی پەڕتووکگەلی لەو تەرزە ڕێگری دەکات. ئیڕشادی ئیسلامی لە کوردستان و بە بەراورد لە گەڵ ناوچە فارس نشینەکان بە شێوازێکی زۆر تێکدەرانەتر هەڵسووکەوت دەکات.

بە پێی ڕاگەیەندراوێک کە نووسەری ئەم پەڕتووکە لە ماڵپەڕی ئینستاگەرامی خۆی بڵاوی کردۆتەوە، “ئەم پەڕتووکە پتر لە مانگێکە لە ژێر چاپدایە و بڵاوکەرەوەی پەڕتووک سەرقاڵی ناردنی مۆڵەت بووە بۆ ناوبراو.
بەرهەمی نووسەرانی کورد سەرەتا پێویستە لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانەوە کۆنتڕۆڵ بکرێ و پاش ئەوە وەزارەتی ئیڕشادی ئیسلامی بە پێی داواکاری دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ سانسۆڕ، قەدەغە ڕادەگەیەنرێ و لە هەندێ حاڵەتدا کە پرسی قەدەغە گەڵاڵە نەکرێت، نووسەر ناچار دەکرێت بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لە دەقدا بکات، بە شێوازێ کە بەرهەمی ئامادە کراو چۆنیەتی و یەکخستنی خۆی لە دەست دەدات.
دوکتۆر لوقمان قەنبەری دەرچوو و خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆرا لە بواری زانستی سیاسییە و وتار و ئاسەواری زۆری لە پێوەندی لە گەڵ پرسی سیاسیی، ئابووری و شوناس بڵاو کردۆتەوە. لە بەرهەمەکانی ناوبراو دەتوانین ئاماژە بە”کوردەکان لە ئێران: ڕابردوو، ئێستە و داهاتوو”.” بە جیهانی بوون و جیهانی عەرەب”و “ژیئۆکۆنۆمی: ئەمنییەتی وزە و دیپلۆماسی وزە شوێنی ژیئۆئیلکۆمۆنۆمیکی ئێران و سیاسەتی دەرەکی گەشەسەندوو” بکەین.

کورتەیەک لە کەریم یەڵدیز نووسەری پەڕتووکی«کوردەکان لە ئێران: ڕابردوو، ئێستە و داهاتوو»، وەرگێڕ لوقمان قەنبەری
کەریم یەڵدیز پسپۆڕی جێبەجێ کردنی ناکۆکی، درووستکردنی ئاشتی، مافی مرۆڤ و مافی کەمینەکانە کە لە ماوەی کاری پڕۆفیشناڵی خۆی لە پڕۆژەگەلی جۆراوجۆر لەم بوارانە کاری کردووە. ناوبراو پێشتر یەکێک لە دامەزرێنەران و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پڕۆژەی مافی مرۆڤی کورد بوو.
ئەم نووسەرە خەڵاتی جۆراوجۆری وەکوو کۆمیتەی پارێزەرانی مافی مرۆڤ بۆ خزمەتگوازری لە پشتیوانی لە مافی مرۆڤ و پەرەپێدانی دەسەڵاتداری یاسا لە ساڵی ١٩٩٦ و خەڵاتی مافی مرۆڤ Rausing Trust Sigri بۆ ڕێبەرایەتی لە مافی خۆجێی و کەمینە لە ساڵی 2005وەرگرتووە. هەروەها کەریم براوەی خەڵاتی دادوەری گرووبێر(Prize for justice Gruber) لە ساڵی 2011 یە.
ناوبراو ئەزموەنێکی بەربڵاوی لە بواری مافی مرۆڤ هەیە و چالاکانە بۆ هەڵکشانی وریایی لەهەمبەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ لە پەڕاوپەڕی جیهان کار دەکات و لە زۆرینەی دۆسییەکان بۆ دادگای ئەورووپایی مافی مرۆڤ یارمەتیدەرە.
ناوبراو پەڕتووک گەلێکی سەبارەت بە کوردەکان لە عێراق، سووریا، ئێران، قەوقاز، تورکیا و دیازپۆڕا نووسیووە و لەم دواییانە پەڕتۆکێکی بە ناونیشانی« تێهەڵچوونی کوردەکان: مافی مرۆڤی دۆستانەی نێونەتەوەیی و میکانیزمەکانی پاش ناکۆکی» نووسیووە و بڵاوی کردۆتەوە. ئاسەوارەکانی ناوبراو بۆ چەندد زمان وەکوو تورکی، فەنلاندی، ئاڵمانی، ئیسپانی، ڕووسی، کوردی، عەرەبی و فارسی وەرگێڕدراون. هەروەها ئەم نووسەرە کوردە وەکوو ئەندامی لێژنەی ڕێوەبەری و ڕاوێژکاری دیکەی ڕێکخراوە مافی مرۆییەکان و ژینگەپارێزی و ڕاوێژکاری دامەزراوەی دۆلفیا چالاکی دەکات. هەروەها ناوبراو یەکێک لە ئەندامانی ئەنجوومەنی جیهانی قەڵەم و یەکێک لە ئەندامانی دامەزرێنەری ئیبتکار( دەسپێشخەری) Ara Pacis
ــە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا شیاوی باسە کە پەڕتوەکی «کوردەکان لە ئێران: ڕابردوو، هەنووکە و داهاتوو»، یەک لە بەرهەمەکانی دوو نووسەر و توێژەری ناسراو« کەریم یەڵدیز و تانیل بی. تایسی»یە کە لە لایەن دوکتۆر لوقمان قەنبەرییەوە نووسەر و توێژەری کورد وەرگێڕدراوە. ئەم پەڕتووکە بۆ جاری یەکەم لە ساڵی 2007 لە چاپ درا وکەوتە بەر سەرنجی زۆرێک لە هۆگرانی بواری خوێندەوانانی کوردی.
دەتوانین بڵەین ئەم توێژینەوەیە لە یەکەمین ڕاپۆڕتە گشتگیرەکانە سەبارەت بە ڕابردوو، هەنووکە و داهاتووی کوردەکان لە ئێران. نووسەرانی پەڕتووک لێگەڕینێکیان لەسەر پرسی بەردەم کوردەکان لە ناوخۆی ئێران و شێوازی کاریگەروەرگرتنی ئەوان لە گۆڕانکارییە ژیئۆپۆلەتیکییەکان لە وڵاتانی دراوسێی ئێران دەخەنەڕوو. ئەم پەڕتووکە بە خوێندنەوەی کوردەکان لە ئێران نەک لە بۆشایی، بەڵکوو بە پێی شوێنگەی جوگرافی کە بە زۆریی لە نێوان ڕکابەرییەکی ئەکتەرەکانی دراوسێ هەڵکەوتووە، پشکنین و تاوتوێی هۆکارە گرنگەکانی شوێن دانەر لە سەر قەوارە و ناوەڕۆکی ڕاستینەی کوردەکان لە ئێران دەپەرژێت.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *