ک.م.م.ک:
بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی سێشەممە 30ی خاکەلێوەی 2722ی کوردی، پاسەوانانەکانی زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج، زیندانییەکی سیاسی بە ناوی بێهنام مووسەوی وەند خەڵکی شاری نەهاوەندیان بە لێدان ڕەوانەی نەخۆشخانە کردن و بێ ئەوەی هیچ کارێکی پزیشکی بۆی ئەنجام بدەن گەڕێنراوەتەوە زیندان.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، بەهۆی ئەوەی لەکاتی گواستنەوە بۆ نەخۆشخانەکە نەیهێشتووە دەستبەند و کەلەپچەی لێبدەن، مووسەوی وەند لەلایەن پاسەوانانی زیندانەوە لێیدراوە.
ناوبراو دوای گەڕانەوە لەنەخۆشخانەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو دۆخەی کە ئێستا هەیەتی، دەستی بەمانگرتن لەخواردن کردووە.
شایانی باسە که بێهنام مووسەوی وەند لەساڵی 2717وە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوه له تاران دەستبەسەرکراوه، پاشان لە ساڵی 2719دا بە تۆمەتی”کۆبوونەوە و پیلانگێڕان بە مەبەستی هەڵسووکەوت دژی ئاسایشی وڵات” پێنج ساڵ زیندانی و بە تۆمەتی “پرووپاگەندە دژی دەوڵەت” سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا و ئەم سزایەش لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە وەکوو خۆی پەسەند کرا.
ع. س