ک.م.م.ک:
هەینی ٢٦ی خاکەلێوەی ٢٧٢٢ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی هوشیار شەعبانی ٢٧ ساڵ تەمەن، کوڕی محەممەد و خەڵکی بانە لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە سەقز هەڵکەوتوو لە شاری بانە بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
بە پێی هەواڵەکە، هووشیار شەعبانی لەو حوکمەی کە لە لایەن دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئەکبەر میرزایی بە سەریدا سەپێنرا و ڕێکەوتی ٢١ی ڕەشەمە ٢٧٢١ی کوردی، پێی ڕاگەیەندراوە، بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات بە ساڵێک زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.
ناوبراو لە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران پەڕییەوە و ڕزگاری بوو.
دادگا جێبەجێکردنی ٨ مانگ لەم سزایەی بۆ ماوەی پێنج ساڵ هەڵپەسارد و بڕیاری هەڵپەساردنی جێبەجێکردنی ٨ مانگ لە سزای زیندانی بە شێوەی چاودێری بڕیوەتەوە و ڕایگەیاندووە کە هووشیار شەعبانی دەبێ لەم ماوەیە بەردەوام بە شێوەی دیارکراوی خۆی بە ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری بانە بناسێنێ و بەڵگەی پێویست بۆ یەکەی جێبەجێکاری حوکمەکان بنوێنێ.
شیاوی باسە کە، لە ٢٣ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ی کوردی، ناوبراو بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی کردن لە گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لە بانە ئازاد کرا.
ناوبراو لە کاتی دەستبەسەری لە ژێر ئەشکەنجەدا تووشی خوێنبەربوونی گەدە دەبێ و بۆ نەخۆشخانە گوازرایەوە.
هووشیار شەعبانی لە ماوەی دەستبەسەری لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی بێبەری بووە.
لە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی، ئەم هاوڵاتییە بە بێ پێبوونی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ق.ش


