ک.م.م.ک:
چوارشەممە 3ی خاکەلێوەی 2722ی کوردی، زیندانی سیاسی پێشووی کورد بە ناسنامەی کامران دەروێشی لە دوای نزیکەی 11 مانگ لە داوای پەنابەرێتی لە وڵاتی ئۆتریش مانی لە خواردن گرتووە.
ناوبراو بۆ دەربڕینی نەرازیبوونی خۆی بەرامبەر ناڕوون بوونی دۆخی کەیسەکەی و بڕیاری بەرپرسانی شوێنی نیشتەجێبوونی بۆ دەرکردنی لە بیناکە، بە دوورینەوەی لێوەکانی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.
شایانی باسە کە، کامران دەروێشی پێشتر لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ مانی لە خواردن گرتووە بۆ ناڕەزایی دەربڕین لە دەستبەسەرکردنی لە ناو بەندکراوانی مەترسیدار، بە دروونی لێوەکانی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کردبوو.
جێی ئاماژەیه که ناوبراو له ڕێکەوتی 13ی گولانی 2716 دا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوه دەستبەسەرکرا و لە گرتووخانەکانی ئێران دا لێپرسینەوەی لێکراوە.
پاشان لە مانگی خەزەڵوەری ئەو ساڵەدا لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێرانەوە لە ورمێ بە تۆمەتی ڕۆڵگێڕان لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی بە هاوکاری پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) سزای پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
ئەو هاوڵاتییە لە مانگی سەرماوەزی 2720دا پاش 4 ساڵ و 8 مانگ زیندانیکردن ئازاد کرا.
پاشان بەهۆی ووشارە ئەمنییەکانی ئێرانەوە ناچارکرا کوردستان بەجێبهێڵێت و داوای پەنابەرێتی لە ئۆتریش بکات.
ع. س