ئازادی کاتی عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ لە زیندانی ئێرانەوە لە مەریوان

ک.م.م.ک:

چوارشەممە ٢٥ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی، عەبدوڵڵا ڕووزڕۆخ ٥٢ساڵ تەمەن و خەڵکی شاری مەریوان، بە دانانی بارمتە تا کۆتایی قۆناغەکانی دادگایی لە زیندانی ئێران لەو شارە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

جێی بیرهێنانەوەیە کە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە ڕێکەوتی ٣٠ڕێبەندانی ئەمساڵ هێرشیان کردە سەر شوێنی کاری ئەم هاوڵاتییە، دەستبەسەریان کرد و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوازرا و پاش کۆتایی لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئێران لە مەریوان گوازرابوویەوە.

شیاوی باسە کە، عەبدوڵڵا ڕوزرۆخ بەرگدووری ناسراوی شاری مەریوان بووە کە بە شیمانەی دوورینی کوردی ناسراو بە میلیتانی دەستبەسەر کراوە.

بە پێی هەواڵەکە ئەم هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەری لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی، بێبەری بووە.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەری و ئەو تۆمەتانەی دژی عەبدوڵڵا ڕوزڕۆخ بەدەستەوە نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *