دۆخی مەسعوود(نایب) حاجی زادە تەموو مژاوییە

ک.م.م.ک:

بە پێی هەواڵەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، یەکشەممە ٢١ی ڕەشەمەی ٢٧٢١ی کوردی، مەسعوود(نایب) حاجی زادە ٤٥ ساڵ تەمەن کوڕی مەدەنی و خاوەنی پێنج منداڵ خەڵکی گەندی یەنگیجەی سەر بە سۆمای برادۆستی ورمێ، زیندانی سیاسیی لە دۆخێکی زۆر خراب دایە و پێویستی بە پێڕاگەیشتنی خێرای پزیشکی هەیە.

جێی بیرهێناوەیە کە ناوبراو پاش مانگرتن لە خواردن و لە ژێر گوشاری دامەزراوە مافی مرۆییەکان لە سەر بەرپرسانی قەزایی و زیندانی ئێران لە ورمێ، ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەندانی ئەمساڵ، بۆ نەشتەرگەری بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان گوازرایەوە و سکی نەشتەرگەری بۆکرا و دەبوا نەشتەرگەری دووهەم پاش دە ڕۆژ بکرایا.

ئەم سەرچاوە ڕوونی کردەوە کە نەک تەنیا نەشتەرگەری دووهەم نەکرا و لە هەر چەشنە چارەسەرییەکی پزیشکی بێبەری کراوە کە بووە بە هۆی کێمی زۆر لە سکی ئەم زیندانییە سیاسییە.

شیاوە باسە کە لەم دواییانە دادستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پارێزگای ورمێ بۆ چوونی نایب حاجی زادە داوای بارمتەی یەک ملیارد و دووسەت ملوێنی کردووە کە دادوەری دۆسیە و دادوەری چاودێر بەسەر زیندانەکان دژایەتی کردووە و جەختی لەسەر بارمتەی چوار ملیارد تمەنی کردووە.

مەسعوود حاجی زادە سەرەتا لە لایەن سیستەمی قەزایی ئێرانەوە بە تۆمەتگەلی سیاسیی بە دە ساڵ و ڕۆژێک زیندان مەحکووم و لە کۆتاییدا ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەی ئێران لە پارێزگای ورمێ بۆ ٧ساڵ و ٦ مانگ زیندانی تەعزیری داشکا.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکوومەتی ئێران بە بەرپرسییاری سڵامەت و گیانی ئەم زیندانییە دەزانێ و خوازیاری پێڕاگەیشتنی بە پەلە بۆ چارەسەری ناوبراوە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *