ک.م.م.ک:
یەکشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢١ی کوردی، ڕێوڕەسمی محاکمەی محەممەد مرادی لە زیندانیانی سیاسیی کوردستان پاش پووچەڵ بوونەوەی حوکمەکەی لە دیوانی باڵای وڵات لە ڕێی کۆنفڕانسێکی ویدیۆییەوە لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری مەهاباد بەڕێوەچوو.
پاش کۆتایی دادگایی کردن، دادگا بۆ ئازادی کاتی ئەم زیندانییە سیاسییە، داوای بارمتەی گرانی ٨ملیارد تمەنی کردووە.
شیاوی باسە کە حوکمی ئەم زیندانییە ساسییە بە بۆنەی کەمووکوڕی لێکۆڵینەوە لە لقی ٣٤ی دیوانی باڵای وڵاتی ئێران پووچەڵ بوویەوە و دۆسیەی بۆ پێداچوونەوەی دووبارە بۆ ئەو دادگای حوکمەکەی دەر کردبوو گەڕێنرایەوە.
محەممەد مرادی بە تۆمەتی محاربە لە ڕێی ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران لە لایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابەوە بە ٤٠ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە شاری ورمێ مەحکووم کراوە.
ناوبراو چوارشەممە٢٢ی گوڵان، بۆ بەشی جێبەجێکاری حوکمەکانی زیندانی ئێران لە شسری نەغەدە بانگهێشت و حوکمەکە بە شێوەی فەرمی پێڕاگەیەندرابوو.
گوڵانی ئەمساڵ ڕێوڕەسمی دادگایی ئەم زیندانییە سیاسییە لە لقی یەکی دادگای ئینقلاب لە شاری مەهاباد بە سەرۆکایەتی دادوەر جەواد غوڵامی بەڕێوە چبوو.
محەممەد مرادی پێشووتر ئەندامی حیزبی دیمۆکڕاتی کوردستان(ئێران) بووە و پاش جوێ بوونەوە لەو حیزبە، خەرمانانی ٢٧١٧ی کوردی، لە ڕێی سنووری کێلەی سەردەشت بۆ کوردستان و ئێران گەڕابوویەوە.
پاش گەڕانەوە، هێزە ئەمنییەکانی گرێدراوی ئیتلاعاتی سپا ناوبراویان دەستبەسەر کرد و بۆ لێپرسینەوە بۆ ئیتلاعاتی سپای ئێران لە شاری ورمێ ڕایان گواستبوو.
ئەم هاوالاتییە ٣٥ساڵ تەمەنە، خێزاندار و خاوەنی دوو منداڵە و هەنووکە لە زیندانی ئێران لە شاری نەغەدە زیندانی کراوە.
ق.ش