ک.م.م.ک:
بەپێی زانییارییەکانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، دووشەمە 25ی ڕێبەندانی 2721ی کوردی، سەعید قادری، خەڵکی شاری بانە، دوای سێ مانگ دەستبەسەرکردن لە ئیدارەی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێران ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە ڕێکەوتی 20ی خەزەڵوەری ئەمساڵ دا، لە ئەنجامی هەلمەتێکی ڕەشبگیری لە گوندەکانی چۆمان، نەمشیر، کۆپیچ و نەجنەی سەر بە بانە، زیاتر لە 20 گەنجی ئەم دەڤەرە دەستبەسەرکراون و گوازراونەتەوە بۆ ژوورەکانی ئیدارەی ئیتلاعات.
لە پرۆسەی دەسبەسەرکردنەکاندا، ناسنامەی ژمارەیەک لەهاوڵاتیانی دەستبەسەرکراو لە هەواڵەکانی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستانەوە بۆ رای گشتی ئاشکراکرا.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە کە سەعید قادری که یەکێک بوو له دەستبەسەرەکان، دوای زیاتر له سێ مانگ دەستبەسەرکردن و دوای تەواوکردنی پرۆسەی لێپرسینەوە، بەبێ ئەوەی مافی سەردانی بنەماڵەکەی و مافی دەستگەیشتن بە پارێزەر هەبێت، لە دەزگا ئەمنییەکانی ئێران ئازاد کرا.
جێگای ئاماژەیە کە تا کاتی بڵاوکردنی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەرکردنی ئەو هاوڵاتییە و ئەو تۆمەتانەی لەسەری، هیچ زانیارییەک لە بەر دەستدا نییە.
ع. س