ک.م.م.ک:
لەم ڕۆژانەی دواییدا “بێزاد ڕەحیمی” نوێنەری دەستنیشانکراوی کۆماری ئیسلامی ئێران لە پەڕلەمانی ئەو وڵاتە، لە وتووێژێکدا لە گەڵ هەواڵگری تەسنیم کە سەر بە سپای پاسدارانی ئێرانە باسی چاەپێکەوتنی پارێزگاری پاڕێزگای سنە و کۆی نوێنەرانی شارەکانی ئەو پارێزگایە لە گەڵ سەرۆک کۆماری ئێران، لەهەمبەر کۆڵبەران کوتی:” دیاردەی کۆڵبەری زۆر لەوە تەمومژاوی و ئاڵۆزترە کە لە ڕێی بەدواداچوونێکەوە چارەسەر بکرێت، چونکوو تەنیا تایبەت بەم پارێزگایە نییە و هەموو پارێزگاکانی ڕۆژاواو وڵاتی تەنیووە و پەڕاوێز و ژانەسەری زۆریشی ساز کردووە.
ناوبراو لە درێژەدا کوتی: مەخابن کۆمەڵێک قازانج پەرست بە ناوی کۆڵبەر سەرقاڵی کاری دیکەن و ئیدی ساردکەرەوە و تێلەڤزیۆن جێبەجێ ناکەن، چونکوو ئیدی ئەوانە هاوردە ناکرێن و دەوڵەت بۆ خۆی ١٠٠ کاڵای بنەڕەتی دابین کردووە، بەڵکوو لە کارگەلێکی مەترسیدار و قاچاخی وەکوو خواردنەوە ئەلکولییەکان و چەک لە ژێر ناوی کۆڵبەری کەڵک وەردەگرن. دەڵێ دەوڵەت بە میکانیزە کردنی کاڵا بنەڕەتییەکان کارێکی وای کردووە مانگانە مووچەی ٣ملوێن تمەنی بگاتە دەستی کۆڵبەرە ڕادستەقینەکان مەبوستی کرێکارانی گۆمڕکەکانە، بەڵام کەسانی تایبەتی و قەبە پارەی خەیاڵی و زیاتر دەدەن بە گەنجانی بێکار بۆ ئەوەی ئەو کاڵایانەیان بۆ بگوازنەوە و زۆر جار کەسێک لە شەوێکدا بەڕادەی مانگێک مووچەی پێدەگات، بۆیە دەستی لێ هەڵناگرن.
شیاوی باسە کوتەکانی ئەم نوێنەرە دەستنیشانکراوەی دەوڵەت و سپای پاسدارانی ئێران بۆ خۆی یەکێک لە پلان داڕێژەرانی کوشتنی کۆڵبەران و پاساوهێنەری ئەو هێزە چەکدارییەیە کە ڕۆژانە گیان و ژیانی دەیان کۆڵبەر بە شێوەی سیستەمی دەکەنە ئامانج، تا ئاستێک کە ڕێژەی کۆڵبەرە کوژراو و بریندار و کەمئەندامەکان لە ڕێژە کوژراوانی شەڕ زێدەترە.
سناریۆی سپای پاسداران و دەوڵەتی چەکداری و داپڵۆسێنەری ڕەئیسی لەڕێی دەست و پێوەندییەکانییەوە لە کوردستان کە هۆکاری هەژاری و چارەڕەشی گەلی کورد و گەلانی ئێرانە، بە ڕەوایەت دان بەو کردەوە قیزونە دیسان پلانی کوشتووبڕ لە کوردستان ڕەوایەت پێ دەدات، لە کاتێکدا سپای پاسداران بۆ خۆی مافیای هێنان و بردنی چەک و مادە هۆشبەرەکانە و ئەو کردەوە قیزونە دەداتە پاڵ چەندد کۆڵبەری هەژار و بێکار.
جێی سەرنجە لەدوای کاردانەوە و لێکەوتەکانی ئەو لێدوانە ناڕەوایە و مەحکووم کردنی لە لایەن خەڵک و ناوەندە مەدەنی و مافی مرۆییەکانەوە، دەستی دایە پاداو هێنانەوە و داوای لێبوورین لە کۆڵبەران، کە ئەویش بۆ خۆی ئەوپەڕی بێشەرمی و دووڕوویی ئەو نوێنەر و سیستەمە داپڵۆسێنەرە دەگەیەنێت لە کاتێکدا لە پەڕلەمان و ناوەندی بڕیار بەو شێوازە دەدوێ و بڕیار دەردەکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش خۆڵ دەکاتە چاوی خەڵک.
جێی لێڕوانینە زۆرینەی نوێنەرە دەستنیشانکراوەکانی شارە کوردییەکان لە کآتێکدا باسی بێکاری و نەبوونی کارگە و کومپانیا لە کوردستان دەکەن کە بۆ خۆیان بووجەی کوردستان لە گەڵ ناوەندە ئەمنییەکان دەدزن و دەیبەن بە ناوی خۆیانەوە لە دەرەوەی کوردستان کۆمپانیا ڕێکدەخەن و گەنجانی کوردیش ناچارن یان دەبێت کۆڵبەری بکەن یان ڕوو لە شارەکانی ناوەندی ئێران بکەن بۆ کرێکاری و پاک و خاوێن کردنەوە و خزمەتگوزاری .
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان داوا لە گەلی کورد و هەموو ڕێخراوە مەدەنی و مافی مرۆییەکانی کوردستان و جیهانی دەکات، بەرانبەر بەم سناریۆی کوردکوژی و بە هەژارکردنی دەسەڵاتی سیاسی و چەکداری کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵوێست بگرن و پلان و کردەوە قیزەونەکانیان بە گژیاندا بدەنەوە و بۆ ڕای گشتی ئاشکرا و مەحکووم بکەن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان