ک.م.م.م:
پێنجشەممە ١٤ی ڕێبەندانی ٢٧٢١ی کوردی، زیندانی سیاسیی کورد “غەفوور بەرهەم” کوڕی کەریم خەڵکی گوندی ئەمیرئاوای سەر بە شاری شنۆ بە شێوەی مەرجدار لە زیندانی ئێران لە شاری نەغەدە ئازاد کرا.
بە گوێرەی هەواڵەکە، غەفوور بەرهەم خەزەڵوەری ساڵی ٢٧١٧ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەستبەسەر و و بۆ ماوەی چوار مانگ و ١٣ ڕۆژ لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە ورمێ لە ژێر لێکۆڵینەوە و ئەشکەنجەدا مایەوە و پاش ئەوەی نەتوانرا دانپێدانانی لێ وەربگیردرێ گوازرایەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپای کۆماری ئیسلامی( المهدی) و ماوەی دوو مانگ لێپرسینەوەی لەسەر کراو و دواتر بە بارمتەی ٢٥٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
شیاوی باسە، غەفوور بەرهەم پووشپەڕی ٢٧١٨ی کوردی، بە تۆمەتگەلی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێی گردبوونەوە و ڕێخستن دژی ئاسایشی ناوخۆ و ڕاگرتنی چەک و هاتووچۆی قەدەغەکراو و نایاسایی لە سنوور، وێڕای ئەوەی لە مافی هەبوونی پارێزەر، سەرجەم بە ١١ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراو ئەو حوکمەیش لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوە وەکوو خۆی پشتڕاست کرایەوە.
بە پێی هەواڵەکە، سەرەتای مانگی گوڵانی ٢٧١٩ی کوردی، بە مەبەستی تێپەڕاندنی ماوەی سزاکەی دەستبەسەر و بۆ زیندانی ئێران لە شنۆ گوازرایەوە و خەزەڵوەری ساڵی ڕابردوویش لە زیندانی شنۆوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوازرا و تا ئەوەی بە شێوەی مەرجدار ئازاد کراو و پاشماوەی حوکمەکەی بە شێوەی هەڵپەسێراو ماوەتەوە، لە ئەگەری دووپات بوونەوەی هەر تاوانێک جگە لە دۆسیە نوێیەکەی ئەو پاشماوەی حوکمەیشی پێ دەکێشن.
ق.ش