ک.م.م.ک:
پێنجشەمە 14ی ڕێبەندانی 2721ی کوردی، سالار سەدیق هەمەدانی هاوکات لەگەل بەردەوامیی رەتکردنەوی دەرمان خواردن لەلایەن ئیبراهیم سەدیق هەمەدانی باوکی دەستی داوە بە مانگرتن لە خواردن.
بەپێی ڕاپۆرتەکان، سالار سەدیق هەمەدانی لە بەندیخانەی حکوومەتی ئێران لە کامێران دەستی داوە بە مانگرتن.
هەروەها ئیبراهیم سەدیق هەمەدانی، کە لە 4ی ڕێبەندانەوە دەستی بە مانگرتنی دەرمان کردووە، ڕووبەڕووی زیادبوونی رێژەی شەکری خوێن بۆتەوە.
مانگرتنی ئەو زیندانییە سیاسیانە لەمەڕ جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی دەسەڵات بۆ گواستنەوەیان بۆ زیندانی ئێران لە سنە بووە.
ئیبراهیم سەدیق هەمەدانی نەخۆشی شەکرەی هەیە و بەهۆی وەرنەگرتنی دەرمانی ئەنسۆلینەوە ئاستی شەکری خوێنەکەی گەیشتووەتە 600 یەکە.
پێشتر ئیبراهیم سەدیق هەمەدانی و سالار سەدیق هەمەدانی لە بەندیخانەی ئێران لە ورمێ گوازراونەتەوە بۆ زیندانەکانی ئێران لە مەریوان و کامێران.
جێی تێبینییە کە لە ڕۆژی دووشەممە 13ی بەفرانبارەوە ئەو دوو زیندانییە بۆ دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بە جیانەکردنی زیندانیان، مانیان لە خواردن گرتووە و هاوکات لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانی زیندانی ئێران لە ورمێ چالاکی دانشتنیان ساز کردبوو.
ئیبراهیم خەلیل سەدیق هەمدانی لەگەڵ دوو منداڵەکەی بەناوی سالار و مەریەم (مەهسا)، لە ڕێکەوتی 4ی ڕەشەممەی 2719 دەسبەسەر و ڕۆژی سێشەممە 3ی خەرمانانی هەمان ساڵ، دوای دوو مانگ لە لێپرسینەوە گوازرانەوە بۆ بەندیخانەی ئێران لەو شارە.
شایانی باسە ئەم دوو هاوڵاتییە، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حزبە سیاسییە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران ” و “بانگەشە لە دژی سیستم” لەلایەن لقی 2ی دادگای ئینقلابی ئێران لە ورمێ بە 16ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کران.
ع. س