ک.م.م.ک:
یەکشەمە 10ی ڕێبەندانی 2721ی کوردی، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی “عەلی عومەرپوور خەڵکی گوندی چیانە و فەریاد شیلان خەڵکی پیرانشار”، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە دەسبەسەرکران.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکانی ئێران بەبێ دابینکردنی حوکمی دادوەری هەڵیانکوتاوەتە سەر ماڵەکەیان و ئەم دوو هاوڵاتییەیان دەسبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستوون.
لە لایەکی دیکەوە هاوڵاتییەکی تر بە “ناوی مۆراد مامەڕەش” لە ڕێگەی پەیوەندیی تەلەفۆنەوە بانگکراوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لەو شارە و پاش دەسبەسەر کردنی گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار.
شایانی باسە کە، لە ڕێکەوتی 9ی ڕێبەندانیش دوو هاوڵاتیی دیکە بە ناوەکانی “ئەیووب حەدیسی و ڕەحمان خێدمەتگوزار”، خەڵکی پیرانشار بەبێ هۆکاری نادیار دەسبەسەر و گوازراون بۆ شوێنێکی نادیار.
تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، لەسەر هۆکاری دەسبەسەر کردن و ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ناوبراوان کراون، هیچ زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.
ع. س