هەڵپەسێراوی یەک ساڵەی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی لە زیندان

ک.م.م.ک:

دووشەممە ٢٠ی بەفرانباری ٢٧٢١ی کوردی، ساڵێک بەسەر دەستبەسەری و هەڵپەسێراوی دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی فەرزاد سامانی و ساکار عەینی خەڵکی مەهاباد تێدەپەڕێت، ئەم دوو زیندانییە هێشتا وەکوو خۆی لە زیندانی ئێران لە ورمێ زیندانی کراون.

جێی بیرهێنانەوەیە کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرابناری ٢٧٢٠ی کوردی، فەرزاد سامانی خوێندکاری ماستوری زانکۆی خاڕەزمی لە کەرەج و ساکار عەینی لە تاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران دەستبەسەر و بۆ جێبەجێکردنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ ڕاگوازرابوون.

فارۆق سامانی برای سامانی لەم پێوەندییەدا ڕایگەیاندووە؛ ٢٠ی بەفرانبار ساڵوەگەڕی دەستبەسەری براکەم فەرزاد و ساکار عەینی ـیە کە ساڵی ڕابردوو لە شەپۆلە گەورەی چالاکان هاوڕێ لە گەڵ سەت چالاکی دیکەی کورد لە شارە جۆراوجۆرەکانت کوردستان وەکوو مەهاباد، بۆکان، ورمێ، سنە، پیرانشار، سەردەشت، تاران و کەرەج … دەستبەسەر کران. زۆرینەی ئەم چالاکانە بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و چەندد کەسێکیش وەکوو فەرزاد و ساکار هێشتا بە شێوەی دەستبەسەرکراوی لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ ڕاگیراون.

هۆکاری دەستبەسەری زۆرینەی ئەم چالاکانە لە کوردستان گرێدانیان بە حیزبە کوردییەکانەوە ڕاگەیەنراوە کە لە زۆرینەی حاڵەتەکانی تۆمەتی ساختە و پڕوپووچن کە لە لایەن دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بۆ ڕەوایەتدان بە سەرکوتی گرانترە.

بە پێی کوتەی فارۆق سامانی، هێشتا هیچ هەواڵێک لە بەڕێوەچوونه دادگا نییە، پارێزەرانی فەرزاد و ساکار دەڵێن کە دۆسیەکەیان بە تەواوی خوێندۆتەوە و هیچ بەڵگە و دیکۆمێنتێک لەو دۆسیانە بوونیان نییە کە ئەو تۆمەتانە پێی دەستبەسەر کراون پشتڕاست بکاتەوە،تێدا نییە.

ئەم چالاکە مەدەنییە لە درێژەدا کوتی؛ غوڵامی دادوەری لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە مەهاباد تا ئێستە لەمەڕ هۆکاری نەبوونی ڕێەڕەسمی کۆبوونەوەی دادگا ڕوونکردنەوەیەکی نەداوە و پارێزەرانی ساکار و فەرزاد، کە چەندد مانگە لە کۆلیدۆرەکانی دادگای ئینقلاب بە دووی تۆزێک دادوەرییەوە ماونەتەوە.

ڕۆژی سێشەممە ١١ی جۆزەردانی ئەمساڵ، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی پاش نێزیک بە ٥ مانگ دەستبەسەری لە گرتووخانەی ڕێخراوی تیرۆریستی سپا لە ورمێ بۆ زیندانی ئێران لەو شارە ڕاگوازران.

تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆکاری دەستبەسەری و جۆری ئەو تۆمەتانەی دژی ئەم دوو هاوڵاتییە دەکار خراون بە دەستەوە نییە.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *