KMMK:
یەکشەمە 19ی بەفرانباری 2721ی کوردی، لەیلا حسەین زادە، چالاکوانی مەدەنی و خوێندکاری کوردستان، بەپێی راگایەندراوێک بۆ ئیدارەی زیندانی ئێران لە تاران بانگهێشت کرا.
بەپێی ئەو ڕاگەیاندنەی کە پێی گەیشتووە، لە ڕێکەوتی دەرچوونی ئەو ئاگادارییەوە کە دەکاتە 18ی بەفرانبار، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ دەبێت خۆی بە بەڕێوەبەرایەتی زیندانی ئێڤین لە تاران بناسینێت.
دەرکردنی ئەم ئاگادارییە لە کاتێکدا دێت کە لەیلا حسەین زادە بەڵگەنامەی لە پزیشکی دادوەری هەیە کە نابێت زیندانی بکرێت و زیندانیکردنیشی بە شێوەیەکی جدی تەندروستی و ژیانی دەخاتە مەترسییەوە.
ناوبراو 16ی سەرماوەزی ئەمساڵ لە گەشتێکیدا بۆ شیراز دەسبەسەر کرا و بەپێی ڕاپۆرتەکان” زیاتر لە 15 کارمەندی ئاسایش” هەوڵی دەستبەسەرکردنی خاتوو حسەین زادەیان داوە.
جێی ئاماژەیه ئەم چالاکوانەخوێندکاره چەندین جار دەسبەسەر کراوە و دوایین جاریش لە ڕێکەوتی 17ی سەرماوەزی ئەمساڵ لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوه دەسبەسەر کراوە.
ڕۆژی 15ی سەرماوەز سزای پێنج ساڵەی زیندانیکردنی ئەو چالاکوانە مەدەنی و خوێندکاریە لەلایەن دادگای پێداچونەوەی تارانەوە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی وڵات” پشتراست کراوە.
جێی ئاماژەپێدانە کە، لە ڕەشەممەی 2718دا، ئەو چالاکوانە خوێندکارە بە تۆمەتی “کۆبوونەوە و هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی” بە 30 مانگ زیندانی و بە تۆمەتی “پروپاگەندەی دژی دەوڵەت” سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپێنرا.
سەرەرای ئەوەی کە دەستبەسەرکردن و زیندانی کردنی ئەو چالاکوانە خوێندکارە پێچەوانەی مافەکانی مرۆڤە، بانگکردنی ئەو چالاکوانە خوێندکارە بۆ زیندانیکردن پێچەوانەی بەڵگەنامەی پزیشکییە کە دڵێت نابێت زیندانی بکرێت و کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستانیش ئەم کارە بە نمونەیەکی ئاشکرا لە ئەشکەنجەدان و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ دەزانێت.
ع. س