زارا محەممەدی پێنج ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرا و دۆسیەکەی ڕەوانەی بەشی جێبەجێکاری حوکمەکان کرا

KMMK:
بە پێی ڕاگەیەندراوی ئەنجوومەنی کەلتووری ــ کۆمەڵایەتی نۆژین؛ پاش تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان، دۆسیەی زارا محەممەدی مامۆستای زمانی کوردی، لە دیوانی باڵای وڵات وبەرپەرچدانەوەی ماددەی ٤٧٧ ، جارێکیتر ناوبراو لە لایەن دادگای ئێران لە سنە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، پاش مەحکووم کردنی زارا محەممەدی بە ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری، دۆسیەکەی بۆ دادگای جێبەجێکاری حوکمەکان لە دادگای ئێران گەڕێنراوەتەوە و بۆ جێبەجێ کردنی زیندانییەکەی بانگهێشت کراوە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە، زارا محەممەدی دوی جۆزەردانی ٢٧١٩ی کوردی، لە لایەن هێزە ئیتلاعاتییەکانی ئێران کە جلی مەدەنیان لە بەردا بوو هەڵیان کوتایە سەر ماڵەکەی و دەستبەسەر کرابوو. پاش ٨ ڕۆژ لێپرسینەوە بۆ زیندانی ئێران لە سنە ڕاگوازرا و بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا.

بە پێی وتەی زارا بە بنەماڵەکەی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ: لەو ماوەی ٨ ڕۆژەدا گوشاری زۆری لەسەر بووە بۆ ئەوەی دانپێدانانی زۆرەملێ بکات.

شیاوی باسە، زارا محەممەدی بە تۆمەتی پێکهێنانی گرووپ و کۆمەڵ بە مەبەستی تێکدانی ئەمنییەتی نەتەوەیی لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە سنە بە دە ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.


دوا کۆبوونەوەی دادگایی کردنی زارا ٢٧ی ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بەڕێوە چوو و ڕۆژی سێشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٠ی کوردی، حوکمی دە ساڵ زیندان بە پارێزەرەکەی ڕاگەیەندرا و ڕێبەندانی ٢٧١٩ی کوردی، حوکمی دە ساڵ زیندانییەکەی لە لقی چواری دادگای پێداچوونەوەی ئێران لە سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر مستەفا تەیاری بۆ ٥ ساڵ زیندانی تەعزیری داشکا.


ڕۆژی دووشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧١٩ی کوردی، ئەم ئەندامەی ئەنجوومەنی نۆژین بە دانانی بارمتەی ٧٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.


جێی سەرنجە کە ئەنجوومەنی کەلتووری ــ کۆمەڵایەتی نۆژین لە دژکردەوەیەکدا بەرانبەر بەو تۆمەتانەی بە زارا محەممەدی دراوە ڕایگەیاندبوو: زارا لە کاتێکدا گوشاری دانپێدانانی زۆرەملێی لەسەرە کە هیچ چەشنە گرێدراوییەکی حیزبی و سیاسی نییە و تەنیا تاوانی ناوبراو فێرکاری و پەروەردەی منداڵانە بە زمانی کوردی.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *