KMMK:
دووشەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢١ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی ئارام مرادیان کوڕی عوسمان، خەڵکی گوندی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە پاش تێپەڕینی ٣٦ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنیدا، بە هەڵواسراوی لە گرتووخانە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە ڕاگیراوە.
جێی بیرهێنانەوەیە کە، ناوبراو ڕێکەوتی ٢٣ی خەزەڵوەری ئەمساڵ، بۆ جێبەجێ کردنی ڕێوڕەسمی دادگایی کردن بۆ دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران بانگهێشت کرابوو دەستبەسەر کراوە.
ئەم هاوڵاتییە لەسەر داوای دادوەری دادگای ئێران بە شێوەی کاتی دەستبەسەر کراوە.
شیاوی باسە کە، ئەم هاوڵاتییە ڕێکەوتی ١١ی ڕەزبەری ئەمساڵ بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغی لێکۆڵینەوە لە زیندانی ئێران لەو شارە ئازاد کرابوو.
هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە ڕێکەوتی ٧ی گوڵانی ئەمساڵ، بە بێ هەبوونی حوکمی قەزایی دەستبەسەر کرابوو. ئارام مرادیان لە ماوەی دەستبەسەری لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری بووە.
ئارام مرادیان و ئەمیر ڕەزایی پێشووتر لە بەفرانباری ٢٧٢٠ی کوردی ـش، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە کرابوو و لێپێچینەوەی لەسەر کرابوو.
بە پێی ئەم هەواڵە، ناوبراو بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی دژبەری دەسەڵاتی ئێران دەستبەسەر کراوە.
ق.ش