KMMK:
بەگوێرەی کۆمەلەی مافی مرۆڤ، دکتۆر محەمەد قدەمی، هاوڵاتییەکی دانیشتووی بانە، کە یەکێک بوو لە کاندیدەکانی خولی 12ی سەرۆک کۆماری ئێران، سزای زیندانی کردن بەسەردا سەپێنراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست گەیشتوون، لقی 101ی دادگای سزادانی 2ی حکوومەتی ئێران لە بانە بە سەرۆکایەتی دادوەر سامان پەهلوانی سزای حەوت مانگ و 15 ڕۆژ زیندانیکردنی بۆ دکتۆر محەمەد قەدەمی دەرکرد.
لەو سزایەدا کە بۆ ئەم چالاکوانە سیاسی و کاندیدە سەرۆکایەتیەوە دەرچووە، ناوبراو بە بڵاوکردنەوەی درۆ و بەکارهێنانی ناونیشانی زانستی ساختە تۆمەتبار کراوە.
جێی ئاماژەپێکردنە دکتۆر محەمەد قەدەمی دوای ڕاگەیاندنی کاندیدکردنی و رۆیشتن بۆ وەزارەتی ناوخۆی ئێران، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بە بێڕێزی لە بینای وەزارەتی ناوخۆ و لقەکانی ناونوسکردن بۆ سەرۆکایەتی دەرکرا.
محەمەد قەدەمی لە لێدوانەکانی دوای ڕووداوەکە ڕایگەیاند کە تاکە هۆکار کە لە بینای وەزارەتی ناوخۆ دەرکراوە و ڕێگری لە کاندیدکردنی کردووە، کورد بوون و ئەهلی سوننەت بوونی بووە.
شایانی باسە کە، فشارەکانی هێزە ئەمنییەکانی ئێران بۆ سەر ئەو چالاکوانەسیاسیە بەردەوامەوە و دەزگا ئەمنییەکانیش هەوڵدەدەن ناچاری بکەن بێدەنگ بێت و کۆتایی بەچالاکییەسیاسییەکانی بهێنرێت.
ع.س