مانگەتن لە خواردنی بەندکراوی سیاسی هووشمەند عەلیپوور

KMMK:

سێشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢١ی کوردی، هووشمەند عەلیپوور بەندکراوی سیاسی خەڵکی سەردەشت، بەندکراو لە زیندانی ئێران لە سنە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

بە پێی ئەو هەواڵانەی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتوون، مانگرتن لە خواردنی ئەم زیندانییە سیاسییە لە بەرانبەر پەسەند نەکردنی داواکاری چوون بۆ مەرەخەسی و دەستێوەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە سنە لە دۆسیەکەی هاتوتە ئاراوە.

جێئ بیرهێنانەوەیە کە، هووشمەند عەلیپوور لە ڕێکەوتی ٥ی ڕەزبەری ٢٧٢٠ی کوردی، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سنە، لە تۆمەتی بەغی« ئێعدام» پەڕیوەتەوە و بە ٣٨ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

بە پێی کوتەکانی بنەماڵەی ئەم زیندانیە مەحکووم بە ئێعدامە: پاش پووچەڵ بوونەوەی حوکمی ئێعدامی هووشمەند عەلیپوور لە دیوانی باڵای وڵات و ناردنی دۆسیەکەی بۆ لقی دووی دادگای ئینقلاب لە سنە وەکوو لقی هاوئاست لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرمانان، ڕێوڕەسمی دادگای ناوبراو بەڕێوەچوو کە لە ئەنجامدا ئەم زیندانییە لە حوکمی پێشووتری پەڕیەوە و بە ٣٨ مانگ زیندان مەحکوو کرا کە تا ئێستا ٢٧ مانگی تێپەڕ کردووە و پاش دە مانگی دیکە ئازاد دەکرێت.

شیاوی باسە کە، پارێزەرانی هووشمەند عەلیپوور ڕایان گەیاند: بەدواداچوونی جیددی بۆ ئەوە دەکەن کە ناوبراو بەر لە وادەی دیاریکراو و بەر لە کۆتایی ماوەی زیندانییەکەی، لە زیندان ئازاد بکەن.

جێی ئاماژەیە کە، هووشمەند عەلیپوور لە گەڵ محەممەد ئوستاد قادر لە ساڵی ٢٧١٧ی کوردی، لە پێوەندی لە گەڵ تێهەڵچوونی چەند چەکدارێک لە گەڵ پاسگایەکی ئینتزامیی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و پاش ١١٠ ڕۆژ دەستبەسەری لە ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە سنە و ناچار کردنی بە دانپێدانانی تلەڤزیۆنی لە ساڵی ٢٧١٩ی کوردی، و لە لقی ٢ ی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە هووشمەند عەلیپوور بە تۆمەتی بەغی بە سێدارە و محەممەد ئوستاد قادر بە ٥ ساڵ زیندان مەحکووم کران.

محەممەد ئوستاد قادر خاکەلێوەی ئەمساڵ بە حوکمی ئازادی مەرجدار لە زیندان ئازاد و لە چەندد ڕۆژی ڕابردوویش هووشمەند عەلیپوور لە لایەن دیوانی باڵای وڵاتی ئێرانەوە حوکمەکەی داشکا، کە لە کۆتاییدا لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامی ئێران لە سنە بە ٣٨ مانگ زیندان مەحکووم کرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *