سزای زیندان و قەدەغەی کارکردنی ڕۆژنامەنووسێک بە تۆمەتی ئاشکراکردنی هەواڵی کوشتنی بوکێکی گەنج

KMMK:
دووشممە 24ی خەزەڵوەری 2721ی کوردی، غولام حوسێن (سینا) قەڵەندەری پەیامنێری خەڵکی شاری کۆهدەشت- ی لوڕستان و بەڕێوەبەری ڕادیۆ تەلگرامی لوڕستانە، بەهۆی ئاشکراکردنی هەواڵی کوشتنی ئەو بوکە تەمەن 14 ساڵەوە بە قەدەغەی کارکردن و زیندانیکردنی مەحکووم کرا.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، سینا قەڵەندەری لە لایەن دادگای تاوانەکانی حکومەتی ئێرانەوە لە لوڕستان بە تۆمەتی وەشانی درۆ و بڵاوکردنەوەی وێنەی تایبەت بە 27 مانگ زیندانیکردن و دوو ساڵ بێبەشکردنی لە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕاگرتنی کەناڵی هەواڵی “ڕادیۆی تەلگرامی لوڕستان” مەحکووم کرا و هۆکاری ئەو حوکمەش ئاشکراکردنی کوشتنی بوکی گەنجی 14 ساڵ مۆبینا سوری بوو لە کەناڵی هەواڵییەکەی دا.

ئەو سزایە بە شێوەی غیابی لە لایەن لقی 102ی دادگای تاوانەکانی کۆهدەشتەوە دەرکراوە و بەم دواییانە پێی راگەیاندراوە.

جێگای ئاماژەیە، کە سینا قەڵەندەری چیرۆکی کوشتنی مۆبینا سوریی تەمەن 14 ساڵ لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بڵاوکردەوە، کە لە ناوچەی ڕامشکان بە هاندانی شەرەفەوە بووە.

ناوبراو دوای فەرمانی دادوەری قەزاکە و بە سکاڵای کەسوکاری قوربانییەکان و تۆمەتبارانی کەیسەکە دەسبەسەرکرا و دوای 11 ڕۆژ دەستبەسەرکردن ئازادکرا.

دوای پێنج ڕۆژ لە هەواڵی کوژرانی مۆبینا سوری، هاوسەرەکەی دانی بە کوشتنەکەدا ناوە، بەڵام سەرەرای ئەمەش حکومەتی ئێران ئەو رۆژنامەنووسە بە بڵاوکردنی هەواڵی درۆ مەحکوم کراوە.

ع.س

Leave a Reply

%d bloggers like this: