KMMK:
یەکشەمە 23ی خەزەڵوەری 2721ی کوردی، دوو هاوڵاتی بە ناوەکانی ئاروین شۆکەتی 18 ساڵە و یاسین کەریمی خەڵکی شارۆچکەی ساحیب-ی سەر بە شاری سەقز، بە هۆی تەقینەوەی مینەوە لە ناوچەسنوورییەکانی هنگەژاڵی سەر بە بانە بە سەختی برینداربوون.
بەپێی ڕاپۆرتەکانی گەیشتووە کۆمەلەی مافی مروڤ، ناوبراوەکان بەهۆی تەقینەوەی مینەکانی کە لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق بەجێ ماون، بە سەختی لەپێدا بریندار بوون.
جێگای ئاماژەیە، کە هەر دوو کۆڵبەری بریندار بۆ چارەسەری پزێشکی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیوبی لە شاری بانە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، لەمەڕ چارەنووسی ئەم دوو کۆڵبەرە هیچ زانیارییەک بەدەستەوە نییە.
پێویستی بە بەبیرهێناوەیە کە کوشتنی کۆڵبەران نمونەیەکی ئەشکرا لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتیە کە لە لایەن حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیاوە ڕۆژانە ئەنجام دەدرێت.
ئەگەر کۆڵبەرەکان لە گوللەی ئەم دوو حکومەتە ڕزگاریان بێت، ئەوا مەترسی کەوتنەخوارەوەیان لە بەرزاییەکان و خنکان لە ناو ڕووبارەکان و ڕووداوەکانی دیکە دا هەیە.
جێی تێبینیە کە هەموو ساڵێک لە کوردستان چەندین کەس دبنەوە قوربانی مین کە لە شەڕی نێوان ئێران و عێراق کە پاش شەڕی هەشت ساڵە بەجێ ماون و تا ئێستا هەوڵی جدییان نەدراوە بۆ کۆکردنەوە و پاککردنەوەی سنورەکانی کوردستان لەو مینانە.
ع.س