KMMK:
پێنجشەممە 22ی ڕەزبەری2721ی کوردی، هاوڵاتییەک بە ناونیشانی “زاهیر روزخوون” خەڵکی گوندی”کۆسەکارێز” سەر بە شاری مەهاباد، بە دانانی بارمتەی 350 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە زیندانی ئێران لەو شارە ئازاد کـرا.
جێی بیرهێنانەوەیە کە، ناوبراو لە ڕێکەوتی 7ی خەرمانانی ئەمساڵ، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێران بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەیەکی ئەمنی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ورمێ ڕاگوازرا و پاشان بۆ زیندانی ئێران لەو شارە ڕاگوازرابوو.
بە پێی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتییە لە ماوەی دەستبەسەری لە مافی دەسڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتنی بنەماڵە بێبەری بووە.
تا کاتی ئامادە کردنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەک لەمەڕ ئەو تۆمەتانەی پەیوەستی زاهیر روزخون کراون بە دەستەوە نییە.
ق.ش