KMMK:

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، باپیرە بەرزە، زیندانی سیاسی خەڵکی گوندی چیانە سەر بە پیرانشار لە ڕۆژی شەممە 27 ی خەرمانان لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە شاری نەغەدە دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن.

شیاوی باسە دوابەدوای سکاڵای ئیدارەی ئیتڵاعات، ئەم زیندانییە سیاسییە لە زیندانی کراوەوە بۆ زیندانی داخراو ڕاگوازراوە.

داواکاری ئازادی مەرجداری ناوبراو تا ئێستە لە لایەن دادگاکانی ئێران بە بێ هەبوونی هیچ یاسایەک ڕەت کراوەتەوە.

ناوبراو 20ی ڕەزبەری 2720ی کوردی، پاش هەشت ڕۆژ تووشبوون بە ڤایرۆسی کرۆنا بۆ چارەسەری پزیشکی ڕەوانە کرابوویەوە.

شیاوی باسە کە گەلاوێژی ئەمساڵ حوکمی زیندانی باپیرە بەرزە لە لقی یەکی دادگای پێداچوونەوەی ئێران لە شاری ورمێ لە چوار ساڵ زیندانەوە بۆ دوو ساڵ و شەش مانگ زیندان داشکا.
ناوبراو ڕێبەندانی 2710ی کوردی، لە لایەن لقی 101ی دادگای سزاکانی 2، بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردی ئوپوزیسیۆنی حکوومەتی ئێران بە هەشت مانگ زیندان مەحکووم و پاش دیاری کردنی دەنگی دادگای سەرەتایی بە دانانی بارمتەی 220ملوێنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ناوبراو سەرماوەزی 2719ی کوردی، لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ ڕاگوازرابوو.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: