سەپاندنی سزای ٧ ساڵ بەندکردن بەسەر شارۆمەندێکی شاری بۆکان

KMMK:
شەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢١ی کوردی، سۆران شەریفی شارۆمەندی شاری بۆکان و خاوەنی فرۆشگەی حەکیم لەلایەن بەشی ١٠١ی دادگەی سزادانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری بۆکان، سزای حەوت ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندراوە و ئەم سزایە لە رۆژانی رابردوو بە ناوبراو راگەیەندراوە.

بە پێی وتەی سەرچاوەیەکی نزیک لەم شارۆمەندە: سۆران شەریفی بە تۆمەتی ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی کۆماری ئیسلامی ئێران و پڕوپاگاندا دژ بە سیستەمی بەڕێوەبەری ئەم وڵاتە، بەرەوڕوی دادگە کراوەتەوە و سزا دراوە.

ھەروەھا دوکانی ناوبراو بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر بڕیاری دادگە دادەخرێت.

جێگای ئاماژەیە کە، ئەم شارۆمەندە لە رێکەوتی ٣ی جۆزەردانی ئەمساڵ بە بێ نووسراوەی داواکاری فەرمی دادوەر لەلایەن ھێزە ئەمنیەتیەکانەوە دەستبەسەر کراوە و لە مانگی پووشپەڕ بە دانانی بارمتە تاکاتی بەڕێوە چوونی دادگە ئازاد کرابوو.

سۆران شەریفی لە کاتی دەستبەسەر بوون لە مافی ھەبوونی پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێ بەش کرابوو.

س.ر

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *