ئێران هەڕەشەی کوشتن لە رۆژنامەنووسێکی کورد دەکات

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردووا ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان و قەرارگای رەمەزانی سپای قودس، باوکی رۆژنامەنووس نەعیم نەجەفی،یان بانگ کردووە و وێڕای لێپرسینەوە لە ناوبراو، هەڕەشەی کوشتنیان لە کوڕەکەی کردووە کە لە هەرێمی کوردستان دادەنیشێت و کاری ڕۆژنامەنووسی دەکات.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بێت، ناوەندە ئەمنییەکان هێندێک وێنەی نەعیم نەجەفی لە شوێنی ژیان و کارەکەی لە هەرێمی کوردستاندا پیشانی کەیومەرس نەجەفی باوکی ئەو رۆژنامەنووسه داوە و پێیان وتووە کە بە زوویی تەرمەکەی دەگەڕێنیینەوە بۆتان.

لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنیی کۆمەلەی مافی مرۆڤی کوردستان  لە گەڵ نەعیم نەجەفی سەبارەت بە پرسی هەڕەشە کردن لە ناوبراو لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی ئێرانەوە، وێڕای پشت راست کردنەوەی زانیاریەکان رایگەیاند، “پێشتریش هەڕەشەی لەم شێوەم لێکراوە و یەکم جار نییە، بەڵام ئەم جارە قەرارگای رەمەزانی سوپای قۆدسی ئێران کە کردەوە تیرۆریستیەکانی ئەو حکومەتە لە دەرەوەی سنوورەکانی جێبەجی دەکات و لە وڵاتی عێراقیشدا نفوزێکی زۆری هەیە بووەتە بەشێک لە هەرەشەکان و راستەخۆ وتوویانە ئەوو هاوڕێیەکانی لە هەرێمی کوردستان دەکوژین”

ئەو رۆژنامەنووسە کوردە ئاشکراشی دەکات بە پێی ئەو زانیاریانەی کە لە سەرچاوەیەکی جێگای متمانەوە پێی گەیشتووە، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران پلانی تیرۆر کردنی چەندین کەس لە چالاکانی سیاسی و مەدەنی و میدیایی کوردیان هەیە کە لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێن و بەشێکی زۆریان خەڵکی ناوچەی کرماشانن.

نەعیم نەجەفی خەڵکی شاری گیەڵان‌غەربی سەر بە پارێزگای کرماشانە کە لە ساڵی ٢٠١١ بە هۆی چالاکیەکانی لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کرماشان دەستگیر کراوە و پاش ٣٠ رۆژ بەندبوون لە زیندانی تاکەکەسی و ئەشکەنجەدان بە تۆمەتی دژایەتی ئاسایشی نیشتمانی و پەیوەندی لەگەڵ حیزبە کوردستانییەکان سزای بە پێنج ساڵ بەندکرانی هەڵپسێردراوی بەسەردا سەپاوە. ناوبراو هەروەها لە مافە کۆمەڵایەتییەکانی بێبەش کرا و لە زانکۆش دەرکرا. بە هۆی درێژەدان بە چالاکیەکانی لە ساڵی ٢٠١٤دا لە هەوڵێکی دیکەی دەسبەسەرکردنی دەربازی دەبێت و وەک پەنابەری سیاسی روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا لە هەرێمی کوردستان درێژە بە چالاکییە میدیاییەکانی خۆی داوە.

جێی بیرهێنانەوەیە کە کۆماری ئیسلامی ئێران بە دەیان چالاکی سیاسی، ئەندامی پارتە سیاسیەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و چەندین کەسی مەدەنی لە باشووری کوردستان تیرۆر کردووە. بەپێی ئامارەکانی کۆکراوە لە ساڵی ٢٠١٨ تاکوو ٢٠٢١ لە هەرێمی کوردستان ٧ کەس لە چالاکانی سیاسی، مەدەنی، مافی مرۆڤ و رۆژنامەنووس لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە تیرۆر کراون و تاکوو ئێستاش هەڕەشەکان بەردەوامن.

ج.ع

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *