ورمێ مانگرتن لە خواردنی نایب عەسکەری لە زیندان دا

KMMK:

پێنجشەمە 4ی خەرمانانی 2721ی کوردی، نایب عەسکەری بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دەرنەکردنی فەرمانی دادوەر بۆ گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان و تاقیکردنەوەی سونۆگرافی دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد.

ناوبراو بەم دواییانە لە زینداندا تووشی کێشەی گورچیلە بووە. ئەو هاوڵاتییە چەند جارێک گوازراوەتەوە بۆ بێهداری زیندان و پزێشکەکانی بێهداریش مۆڵەتیان دەرکردووە و داوای ئەوەیان کردووە کە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان بکرێت بۆ تاقیکردنەوەی سۆنۆگرافی، بەڵام تا ئێستا دادوەری سەرپەرشتیاری زیندانەکە ڕەتیکردۆتەوە مۆڵەتی دادوەری بۆ ئەو گواستنەوەیە و ئەنجامدانی تاقیکردنەوە دەربکات.

ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەو زیندانییە سیاسییە لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا تووشی هەوکردن و خوێن بەربوونی گورچیلە بووە و باری جەستەیی خراپی هەیە. جێگای ئاماژەیە، کە لە ڕۆژی 4ی خاکەلێوە دا نایب عەسکەری، هاوڵاتیی کوردی شاری ورمێ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە لە شاری ورمێ دەستبەسەرکرا و دوای سێ مانگ لە دەستبەسەرکردن لە بنکەی دەستبەسەرکردنی ئەم دەزگایە گوازرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی حکوومەتی ئێران لە ورمێ.

ناوبراو بە تۆمەتی”موحارەبە” لە ڕێگەی ئەندامێتی لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) گیراوە.

هەروەها ئەم زیندانیی سیاسی لە مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ بە دوای پێکدادانی نێوان چەندد زیندانی سیاسی و زیندانیی تاوانی گشتی(جرائم عمومی)، بە شکایەتی سەرۆکی زیندانەکە، لەگەڵ دوو زیندانی سیاسی دیکە بە ناوگەلی کەیهان موکرەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی شێواندنی هێمنی زیندان هەر یەک بە سزای 50 قامچی و سێ مانگ زیندانیکردن مەحکووم کرابوون.

ع.س

Leave a Reply

%d bloggers like this: