گەڕانەوەی سابیر قادری بۆ زیندان و کۆتایی مانگرتن لە خواردنی ئیرەج سۆفی محەممەد

KMMK:

سێشەممە 26ی گەلاوێژی 2721ی کوردی، سابیر قادری هاوڵاتی خەڵکی دێولان پاش کۆتایی مەرەخەسی بۆ زیندان گەڕایەوە و سۆفی محەممەد پاش ڕەزامەندی بەرپرسانی زیندان لە سەر داواکارییەکەی دەستی لە مانگرتنەکەی هەڵگرت.

بە پێی هەواڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سابیر قادری هاوڵاتی خەڵکی شاری دێولان، پاش کۆتایی مەرەخەسی بۆ زیندانی حکوومەت لە سنە گەڕاوەتەوە.
ناوبراو پێشتر لە ڕێکەوتی 9ی جۆزەردان، لە زیندانی سنەوە بۆ مەرەخەسی ڕۆیشتوە.
ئەم چالاکی ژینگەییە لە ڕێکەوتی 18ی سەرماوەزی 2719ی کوردی، بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و پاش سێ مانگ بە دانانی بارمتەی 200 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ڕێزدار سابیر، جۆزەردانی 2720ی کوردی، لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی ئێران لە شاری سنە دادگایی کرا و بە تۆمەتی”ئەندامەتی لە حیزبێکی کوردستانی دژبەری سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران” بە پێنج ساڵ زیندان و بە تۆمەتی “پڕوپاگەنده دژی دەسەڵات” بە ساڵێک زیندان مەحکووم کرا.
شیاوی باسە ئەم حوکمە لە لایەن دادگای پێداچوونەوە بۆ سێ ساڵ زیندان داشــکا.

لە هەواڵێکی دیکەدا، کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان زانیاری پێگەیشتوە کە ئیرەج سۆفی محەممەد، زیندانی پێڕەوی ئاینزای سوننە، بەندکراو لە زێندانی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ، سێشەممە 26ی گەلاوێژ، بە بەڵێنی ئەرێنی بەرپرسان کۆتایی بە مانگرتن لە خواردنەکەی هێنا و لە ژووری تاکەکەسی زیندان بۆ بەندی گشتی گەڕێنراوەیە.

ناوبراو ڕۆژی شەممە 9ی گەلاوێژ پاش داواکاری گواستنەوەی بۆ زیندانی ئێران لە مەهاباد، مانی لە خواردن گرت و پاش ئەوە بۆ ژوورێکی تاکەکەسی زیندانی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگوازرا.

ئەم زیندانییە ئاینزاییە بە تۆمەتی”ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکان” بە 15 ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو. ئەم حوکمە بە یاسای داشکانی سزاکان، بۆ10 ساڵ زیندان داشــکا.

ڕێزدار سۆفی محەممەد، کوڕی برایم و هاوڵاتی خەڵکی مەهاباد پێشتریش دەستبەسەر و زیندانی کراوە. ناوبراو لە ساڵی 2717ی کوردی، بە تۆمەتی ئەندامەتی لە گرووپی ئەنساروالئیسلام بە‌18 مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و پاش کۆتایی خولی مەحکووم بوونەکەی لە زیندان ئازاد کرابوو.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *