KMMK:
شەممە 23ی گەلاوێژی 2721ی کوردی، ئیرەج سۆفی محەممەد پاش دوو حەوتوو مانگرتن لە خواردن لە ژووری تاکەکەسی، دۆخی جەستەیی ڕوو لە خراپە وەرگەڕاوە.
بە گوێرەی هەواڵەکە، نابراو لە دۆخی نالەبار و مەترسیداری جەستەیی، سەرەڕای هەبوونی خوێن بەربوونی گەدە و پسانی پێوەندی لە ژووری تاکەکەسی زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ـیە.
شیاوی باسە، زیندانی سیاسی ئیرەج سۆفی محەممەد کە لە ڕۆژی 9ی گەلاوێژی 2721ی کوردی، لە ناڕەزایەتی دژبە پێڕانەگەیشتن بە داواکاری گواستنەوەی بۆ زیندانی ناوەندی ئێران لە مەهاباد دەستی داوەتە مانگرتن لە خواردن و لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی دایە.
هەروەها دایکی ئەم زیندانییە کە بە بۆنەی نەخۆشییەوە ئەگەری هاتووچۆنی بۆ ورمێ نییە، تا ئێستە چەندد جار داواکاری گواستنەوەی بۆ زیندان پێشکەش کردووە. بەڵام وڵامی داواکارییەکەیان نەداوەتەوە.
شیاوی باسە کە ئیرەج سۆفی محەممەد، کوڕی ئیبراهیم خەڵکی مەهاباد و لە دایکبووی 2687ی کوردی یە. نابراو بە تۆمەتی پڕوپووچی بەغی جارێک لە ساڵی 2717ی کوردی، لە لایەن ڕایەدارانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر و ئەشکەنجە کرا. ناوبراو پاش 18 مانگ زیندان و ئەشکەنجە، ئازاد کرا. بەڵام سەرلەنوێ له ڕێکەوتی20ی ڕەزبەرس 2718ی کوردی، دەستبەسەر و بۆ ماوەی 38 ڕۆژ لە ئەشکەنجەگەی ئیتلاعاتی ئێران لە ورمێ لە ژێر ئەشکەنجە و لێکۆڵینەوەدا بوو و لە ڕێکەوتی 28ی خەزەڵوەری 2719ی کوردی، بۆ زیندانی ناوەندی ڕاگوازرا. ناوبراو تەنیا کەسێکە کە بژێوی دایکی تەنیای دابین دەکرد و هەنووکە دایکی لە دۆخێکی زۆر گرانیدایە.
بەڕێز سۆفی محەممەد لە لایەن لقی دووی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە ورمێ بە سەرۆکایەتی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی هەوڵدان دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێی ئەندامەتی لە گرووپە سەلەفییەکانەوە بە 15 ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە. ئەم حوکمە پاش ناڕەزایی دەربڕین بۆ دە ساڵ زیندان داشکا.
ق.ش


