KMMK:
چوار شەممە ٢٠ی گەلاوێژی ٢٧٢١ی کوردی، سێ بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی« مەسعود( نایب) حاجی زادە» کوڕی مەدەنی و خەڵکی گوندی یەنگیجەی سەر بە شاری ورمێ و « کەیھان موکرەڕەم ئەنبی» کوڕی جادر و « نائیب عەسکەری» خەڵکی ورمێ ھەریەکەو بە تۆمەتی« تێکدانی ئاسایشی بەندیخابەی ئێران لە شاری ورمێ» بە سێ مانگ بەندکردن و لێدانی ٥٠ قامچی سزا دراون.
بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، ئەم سێ شارۆمەندە پێشتر لە رێکەوتی ٢١ی پووشپەڕی ئەمساڵ پەیوەست بەم دۆسیەوە لە بەشی یەکەمی بازپۆرسی دادگەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ لێپێچینەوەیان لەسەر کراوە.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەم دۆسیە لەسەر سکاڵای ئەمیر سۆھرابی، بەرپرسی بەندیخانە کراوەتەوە و دەوترێت کە یەکێک لەو کەسانە کە لە بەندکراوانی داوە وەک شاھیدی دۆسیەکە بۆ دادسەرا بانگھێشت کراوە.
مەسعو( نایب) حاجی زادە سەرەتا لە لایەن دادگای ئینقیلابەوە بە تۆمەتگەلی سیاسی سزای دە ساڵ و یەک رۆژ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و پاشان ئەو سزایە بۆ ٧ ساڵ و شەش مانگ کەم کرایەوە.
ھەروەھا نائیب عەسکەری لە رێکەوتی ٧ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن ھێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ئێران لە شاری ورمێ دەستبەسەر دەکرێت و بۆ گرتووخانەی ئەم رێکخراوەیە دەبرێت. ناوبراو لەئاکامدا لە رۆژی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵ پاش تێپەڕاندنی قۆناغی لێپرسینەوە بۆ بەندیخانەی ئێران لەم شارە دەگوێزرێتەوە.
کەیھان موکەڕەم ئەنبی، لە رێکەوتی ٢٢ی بەفرانباری ٢٧١٩ی کوردی ھاوکات لەگەڵ دوو شارۆمەندی تر لەلایەن ھێزە ئەمنیەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو لەئاکامدا سزای ٥ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپێندرابوو و لە رۆژی ٢٢ی بەفرانباری ئەو ساڵە بە مەبەستی بەسەر بردنی سزاکەی بۆ بەندیخانەی ئێران لە شاری ورمێ دەگوازرێتەوە.
بە پێی راپۆرتەکە، تۆمەتی« ھاوکاری و ئەندام بوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران» بەم کەسانەوە پاڵ نراوە.
س.ر