KMMK:
بە پێی ئەو زانیاریانەی ڕۆژی دووشەممە 18ی گەلاوێژی 2721ی کوردی، بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، مەسعوود(نایب) حاجی زادە کوڕی مەدەنی خەڵکی گوندی یەنگیجە سەر بە شاری ورمێ، زیندانی سیاسی، لە دۆخێکی ناجێگیری تەندرووستیدایە و پێویستی بە پێڕگەیشتنی بەپەلەی پزیشکی ـیە.
کاتێک ناوبراو دەستبەسەر کرا، نەشتەرگەرییەکی هەبوە کە لە نەشتەرگەرییەی یەکەم پلاتین دەخرێتە پێیەوە و لە نەشتەرگەری دوویەم پلاتینەکە لە پێی دەردێنن.
بەرپرسانی زیندانی ئێران لە ورمێ لە کاتی نەشتەرگەری دوویەمەوە تا ئێستە لە ناردنی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە و پێدانی هەر چەشنە دەرمانێک خۆیان بواردووە و ئەم پرسە بوە بە هۆی کێم و چڵکی زۆر لە پێی ناوبراو.
بە گشتی ناوبراویان لە هەر چەشنە چارەسەرییەکی پزیشکی بێبەری کردووە.
نایب حاجی زادە سەرەتا لە لایەن دادگای ئینقلابی ئێران بە تۆمەتگەلی سیاسی بە 10 ساڵ و ڕۆژێک زیندان مەحکووم کرابوو، پاشان ئەم حوکمە بۆ 7 ساڵ و 6 مانگ زیندانی تەعزیری داشــکا.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حکوومەتی ئێران بە بەرپرسی تەندرووستی گیانی ئەم زیندانییە سیاسییە دەزانێ و خوازیاری پێڕاگەیشتنی بەپەلە بۆ چارەسەری ناوبراوە.
ق.ش


