KMMK:
دووشەممە 11ی گەلاوێژی 2721ی کوردی، حوکمی ئێعدامی سەجاد سەنجەری منداڵ ـ تاوانبار، لە زیندانی دیزڵ ئاوا جێبەجێ کرا.
ئەم منداڵە لە ساڵی 2711ی کوردی و لە تەمەنی 15 ساڵان، بە تۆمەتی کوشتن دەستبەسەر و لە کۆتاییدا بە ئێعدام مەحکووم کرابوو.
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، حوکمی ئێعدامی ناوبراو بە شاراوەیی و بە بێ چاوپێکەوتنی بنەماڵەکەی جێبەجێ کراوە.
شیاوی باسە کە سەجاد سەنجەری لە کاتی ئەنجامی تاوان تەمەنی خوار 18 ساڵ بووە و بە پێی یاسا نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ کردنی حوکمی ئێعدامی لەم شێوەیە ڕێگەپێنەدراوە.
سەجاد سەنجەری لە ساڵی 2711ی کوردی، لە کاتێکدا تەنیا 15ساڵی تەمەن بوو، لە تێهەڵچوونێکدا، مێرمنداڵێکی هاوتەمەنی خۆی دەکوژێ.
تێهەڵچوونێکی منداڵانە کە کوشتنی لایەنێکیانی لێدەکەوێتەوە و سەجاد دەبێت بە بکوژ.
دۆسیەی سەجاد لە لایەن کۆمەڵەی ئیمام عەلی ـیەوە بەدواداچوونی بۆ کرا و بنەماڵەی کوژراوەکەیش پاش ماوەیەک بە وەرگرتنی سەربەها(دیە) ڕازی دەبن، و بڕی سەربەهاکەیش لە لایەن خەڵکەوە کۆکرابوویەوە بەڵام بنەماڵەی کوژراو پەژیوان دەبنەوە و دەڵێن دەبێ سەجاد ئێعدام بکرێت.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە دۆخی دەروونی سەجاد ناجێگیر بوە.
ق.ش