راپۆرتی پێشێلكاری مافی مرۆڤ له مانگی جولایی ٢٠٢١، کە بە هەوڵی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و بە پشت بەستن بەو ڕاپۆرتانە کە ئەو رێکخراوە کۆیی کردوونەوە، کۆبەندی بۆکراوە. لەو ڕاپۆرتەدا کۆکراوەی پێشێلکاریەکان و له هەر کام لە بەشەکاریەکان نیشان دراون.
شایانی باسە ئەم ڕاپۆرتانە، بەهۆی ئیزن نەدانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەلێژنەکانی مافی مرۆڤی جیهانی، ڕاپۆرتێکی تەواو نییە وتەنیا وێنەیکی بچوکی پێشێلکاری مافی مرۆڤ لەڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە کراوە.
هەر وەک لە ڕاپۆرتەکەدا دەردەکەوێت، کۆماری ئیسلامی ئێران بەردەوامە لە گرتنی هاوڵاتیانی کورد، پێشێلکردنی مافە سیاسی، کۆمەلایەتی و مەدەنیەکانی گەلی کورد و درێژە بە سیاسەتی ئینکار و لەناوبردنی گەلی کوردستان دەدات.
سێدارە
لەو مانگەش دا سیاسەتی لەسێدارەدانی هاوڵاتیان بەردەوام بووە و لە پارێزگاکانی کوردستان به گشتی ٦ کەس لەسێدارە دروان، تاوانی لەسێدارەدراوان مادەی هۆشبەر و کوشتن بووە. جێی ئاماژەیە هەر لەو مانگەدا سزای سێداره بە سەر ٥ هاوڵاتیدا سەپاوە.
گرتن و زیندان
لەو مانگەدا شاهیدی گرتن و زیندانی کردنی بەردەوامی هاوڵاتیانی کوردستان لە ورمێ، سنە، کرماشان، مەهاباد، خۆرەماوا، ئیلام، هەمەدان و لورستان بووین و بەپێی ئامارەکانی کۆکراوەکانی ئەو مانگە لانیکەم ٤٢ کەس لە هاولاتیان، چالاکانی مەدەنی و سیاسی دەستبەسەر کراون.
کۆڵبەر و کاسبکار
کۆلبەران هەر وەک هەمیشه کەوتوونەتە بەر هێرشی راستەوخۆیی هێزە چەکدارەکانی ئێران. هێزەکانی سپای پاسدارن کە وەک هێزێکی تیرۆریستی پێناسە کراوە، هەروەها هێزە سنوورپارێزەکانی ئێران لەو مانگەش دا کۆڵبەرانیان کردۆتە ئامانجی تەقەی راستەوخۆ و لە ئاکام دا ٤ کۆڵبەر کوژراون و ١٠ کۆڵبەریش بریندار بوون.
خۆکووژی
رێژەی خۆکووژی هاوڵاتیان ڕوو له بەرزبوونەوەیە و رۆژانه خەلکی کوردستان و بە تایبەتی گەنجان و ژنان دەست دەدەنە خۆکووژی. لەو مانگەدا دا ٦ ژن و ٤ پیاو کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە.
مین
لەم مانگەش دا و به هۆیی تەقینەوەی مین ٤ کەس بریندار بوون، تەقینەی مین لە کاتێک دایە که دوایی تێپەڕبوونی زیاتر له ٣٠ سال لە شەڕی نێوان ئێران و ئێراق، حکوومەتی ئێران هێشتا مینه چێندراوەکان خۆیی لە سنووری کوردستان، لە پارێزگاکانی کرماشان، سنه، ورمێ و ئیلام، کۆ نەکردۆتەوە و رۆژانه هاوڵاتیانی کوردستان دەبنه قوربانی.
لە کۆتاییدا کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات، هەوڵ بدەن بۆ دەستەبەرکردنی مافی ڕەوای خۆیان و هەر جۆرە پێشێلکاریەک کە لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەڕ ئەوان دەکرێت، لەقاو بدەن و دەنگی خۆیان بە خەڵکانی جیهان بگەیەنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان