KMMK:

بە پێی ئەو ڕاپۆرتەی ڕێکەوتی چوارشەممە 6ی گەلاوێژی 2721ی کوردی بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان گەیشتووە، لوقمان عەزیزی خەڵکی شـــنۆ، زیندانی لە مێژینەی سیاسی بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێران لەو شارە ئازاد کرا.

جێی بیرهانینە کە ناوبراو ڕێکەوتی 31ی جۆزەردان لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران لە شاری شنۆ دەستبەسەر و ڕێکەوتی 7ی پووشپەڕ بۆ گرتووخانەی ئەمنی ئێران لە ورمێ ڕاگوزرابوو.

دەستبەسەری ناوبراو لە کاتێکدا هاتبوویە ئاراوە کە ماوەی مەحکووم بوونی پێشووتری ماوەی مانگێک بووە و لە سەر داوای بەرپرسان، سەرقاڵی نوێکردنەوەی گەرماو توالێت(سرویس بهداشتی) ئەو زیندانە بوە.
تا ئێستە هیچ زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەری سەرلەنوێی ئەم زیندانییە سیاسییە نەزانراوە.

لوقمان عەزیزی ساڵی 2717ی کوردی، لە لایەن دادگای ئینقلابی حکوومەت بە نۆمەتی هاریکاری حیزبی دیموکڕاتی کوردستانی ئێران 16 ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێنرابوو. ئەم حوکمە لە دادگای پێداچوونەوە بۆ 5 ساڵ زیندانی تەعزیری و 8 ساڵ زیندانی هەڵواسراو داشــکا.

ق.ش

Leave a Reply

%d bloggers like this: