سەقز؛ دیاری کردنی حوکمی زیندان بۆ هاوڵاتییەک

KMMK:

سێشەممە 22ی پووشپەڕی 2721ی کوردی، حوکمی دادگای سەرەتایی 23 مانگ و شازدە ڕۆژ زیندان بۆ هاوڵاتییەک بە ناونیشانی”مەحیەدین پاک سرشت” کوڕی ڕەشید و خەڵکی سەقز لە ڕێی پێگەیەنەری ئیلەکترۆنیکی ـیەوە پێی ڕاگەیەندرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم هاوڵاتییە بە تۆمەتی”پڕوپاگەندە دژی دەسەڵات”7 مانگ و شازدە ڕۆژ زیندانی تەعزیری و بە تۆمەتی” سووکایەتی بە ڕێبەر” شازدە مانگ زیندانی تەعزیری بەسەردا سەپێنراوە.

ئەم هاوڵاتییە سەرجەم بە 23 مانگ زیندان مەحکووم کراوە. شیاوی باسه، ناوبراو لە 22ی جۆزەردانی ئەمساڵ لە لقی سێی بازپورسی دادسەرای گشتی و ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە سەقز تاوانەکەی بۆ ڕوون کرایەوە و ڕێکەوتی 12ی پووشپەڕ ڕێوڕەسمی محاکمە کردنی ناوبراو لە لقی یەکی دادگای ئینقلابی کۆماری ئیسلامی ئێران لەو شارە بە ڕێوە چوو.

جێی بیرهانینە، مەحیەدین پاک سرشت ڕێکەوتی 28ی گوڵانی ئەمساڵ بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی لە دوکانەکەی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و بۆ لێپرسینەوە بۆ گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە سنە ڕاگوازرا.

ناوبراو پاش تێپەڕینی ماوەی دیاریکراوی لێپرسینەوە لە گرتووخانەی ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەت لە ســنە، بۆ زیندانی حکوومەت لە سەقز ڕاگوازرا. ناوبراو لە کۆتاییدا بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی تا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەو ئازاد کـــرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *