KMMK:
چوارشەممە 14ی ژولای 2021 (22ی پووشپەڕی2721)ی کوردی، پەناخوازێکی خەڵکی سنە بە ناوی”ڕێبن ڕەحیمی) لە ناوچەی شارۆچکەی پیشەیی ژاڵە لە دەورووبەری سلێمانیە لە باشووری کوردستان لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە چوار فیشەکی بەردەکەوێ و لە ئاکامدا ئەو تیرۆرەدا گیانی لەدەستداوە.
بە پێی کوتەی سەرچاوەیەکی متمانەپێکراوەوە؛ ڕێبین ئەوڕۆ چوارشەممە کاتژمێر 12 لە شوێنی کارەکەی لە یەکێک لە ئەمبارەکانی ناوچەی ژاڵە لە دەورووبەری سلێمانیە چوار فیشەکی بەردەکەوێ و بۆ نەخۆشخانەیەک لە سلێمانیە گوازرایەوە.
سەچاوەکە لە درێژەدا کوتی؛ پاش گواستنەوەی ناوبراو بۆ نەخۆشخانە و پاش ماوەیەکی کورت ناوبراو لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست دا.
شیاوی باسە، ڕێبین ڕەحیمی لە گەڵ هاوژینەکەی، نێزیک بە 10 ساڵی بەرێ بە بۆنەی چالاکی سیاسی و ئازار و ئەشکەنجەی حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران پەنای بردبووە باشووری کوردستان و پێشوتتر چەندین جار هەڕەشەی لێکراوە.
تا کاتی بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە، هۆکارەکانی ئەو ڕوداوە نەزانراوە.
ق.ش