KMMK:
بە پێی هەواڵی گەیشتوو بە کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، کانتۆنی عەفرین له خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا و باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، تەنیا لە مانگی ژوئێن 1365جار کراوتە ئامانجی هێرشی ئاسمانی و تۆپخانەیی حکوومەتی تورکیا.
لەم هێرشانە، لانیکەم مێرمنداڵێکی 14 ساڵ تەمەن بە ناوی زەینەب کوژراوە. لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێکی چێنراو لە لایەن ئەرتەشی تورکیا و بەکرێگیراوانی ئەو وڵاتەوە، لە ناوچەیەکی ناوبەری گوندەکانی باسیل و عەقیب ناوچەی شەراوا ـیش هاوڵاتییەک بە ناوی میرزان خەلیل حەم کالوو برینی قووڵی تێکەوتوە.
بە پێی ئەو داتانەی پێمان گەیشتوون له یەکەم تا 30ی مانگی ژوئێن، دەوڵەتی تورکیا لە چەندد جاردا و بە کەڵک وەرگرتن لە چەکی قورسی وەکوو تانک، تۆپخانە، هاوەن و …، گوندەکانی عەین دقنە، بلونیا، شێخ عیسا، مراناز، مالکیە، هوربیل، ئەلقمیە، کلی، تات، مەرعەش، تنیب، بنێ، گرێ کلوتە، عەقیبە، ڕێگەو بان و ڕێڕەوی هاتوچۆ و هەروەها دەڤەرەکانی دەورووبەری شەهبا و شراوای بۆردمان کردووە.
ناوگینی هێرشەکانی ڕۆژانە 45٫5 هێرش لە ڕۆژدا بووە، ئەمە جگە لە هەڵفڕینی سیخوڕی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی ئەو دەوڵەتە لە ماوەی ئەم مانگەدایه.
شیاوی باسە، لە ئەنجامی ئەو هێرشە تۆپخانەییانە، ئەو گوندانەی ناویان لێبرا کاول ودانیشتوانی ناچار بوون چۆڵی بکەن و ئاوارە ببن.
جێی بیرهێنانەوەیە، پاش داگیرکردنی کانتۆنی عەفرین لە لایەن دەوڵەتی تورکیاوە، نێزیک بە نیوملوێن کەس ئاوار بوون و سەدانیش لە لایەن ئەرتەشی تورکیاو گرووپە تیرۆریستە گرێدراوەکانییەوە بۆ ئەو وڵاتە ڕفێنراون و کوژراون.
ق.ش