KMMK:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان رێز لە بایکۆتی ھەڵبژاردنی فۆرمالیتەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە لایەن گەلی کوردستانەوە دەگرێت و بەشدارنەبوون و وتنی نە لەلایەن کۆمەڵگای کوردستانەوە بە ئەم سیستەمە داپڵۆسێنەر و داگیرکەرە بە واتای رێفراندۆمێک بە مەبەستی هەوڵێک بۆ دێاریکردنی چارەنووسی ئەم گەلە دەزانێت.
ژمێریاریە تایبەتیەکانی حکومەت و ئەوەی کە لە گۆڕەپانی ھەڵبژاردنەکان بەدی کراون ئەوە دەردەخات کە زۆرینەی کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی کوردستان ھەڵبژاردن و سیستەمی داپڵۆسێنەری کۆماری ئێسلامی ئێرانیان بایکۆت کردووە و خۆیان بە بەشێک لەو دانانێن.
کۆماری ئیسلامی ئێران بە ساختەکردنی ژمێریاری لە رێژەی بەشداربوونی خەڵک نەیتوانی رێژەی بەشداربووان بگەیەنێتە لە سەدا پەنجا، بە پێی ژمێریاریە فەرمیەکانی ئێران، بەس ٤٨٪ی ئەو کەسانەی کە دەیانتوانی دەنگ بدەن، بەشدارییان کردوە و ٥٢٪ی کۆمەڵگا بەشدارییان لە ھەڵبژاردنەکان نەکردوە. بەڵام ئەوەی کە بینراوە ئەوە دەردەخات کە رێژەی بەشدار بوان کەمتر لە ٣٠٪ بوە.
لە رۆژھەڵاتی کوردستان رێژەی بەشدار بوان ۱۵ تا ۲۰٪ بووە و لانیکەم ۸۰ بۆ ۸۵٪ی کۆمەڵگای کوردستان بایکۆتی ھەڵبژاردنیان کردووە. ئەم ھەڵسوکەوتە ئەوە دەردەخات کە کۆمەڵگای رۆژھەڵاتی کوردستان خۆیان بە بەشێک لە حکومەت و جوگرافیای سیاسی ئێران نازانن و دەخوازن مافی دیاری کردنی چارەنوسی خۆییان و مافی نەتەوەیی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتوری خۆیان بەدەست بھێنن.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان لەسەر ئەو بڕوایەیە کە گەلی کورد جارێکی تر ھاوشێوەی رێفراندۆمی پاش رووخانی حکوومەتی پەھلەوی، بەم سیستەمە و کۆماری ئیسلامی ئێران نەیان وتوو و ئەم ھەڵبژاردنە لە راستیدا رێفراندۆمێک بوو کە گەلی کورد پێداگری لەسەر مافی چارەنوسی خۆی و بەفەرمی ناساندنی مافەکانی خۆی کردوە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، سەرەڕای پیرۆزبایی لە گەلی کورد، داوا لە حیزب و ناوەندە سیاسیەکانی کوردستان دەکات، لە چالاکی و پڕۆگرامە سیاسیەکانی خۆیان ئەم داخوازیعی گەلی کورد بە جددی بکرن و کۆمەڵگای نێونەتەوەیی بە مەبەستی بەدی ھاتنی مافەکانی گەلی کورد لەگەڵ خۆیان رێک بخەن.
س.ر