ڤیان محەممەدی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا

KMMK:

ڕۆژی چوارشەممە 19ی جۆزەردانی 2721ی کوردی، ڤیان محەممەدی چالاکی مەدەنی کورد پاش 40 ڕۆژ دەستبەسەری بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد و پێنسەد ملوێن تمەنی لە زیندانی حکوومەتی ئێران لە ورمێ ئازاد کرا.

بە گوێرەی هەواڵەکە، ئەم چالاکە مەدەنییە ڕێکەوتی 10ی جۆزەردان بۆ ماوەی حەوتوویەک وەکوو ناڕەزایی دەربڕین بەرانبەر بە درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەریێەکەی دەستی دابوویە مانگرتن لە خواردن و پاش ئەوەی ڕێگەی پێدرا بە بارمتە بێتە دەرەوەی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هــێنا.

ئەم چالاکە مەدەنییە 12ی جۆزەردان پاش مانگێک لێپرسینەوە و مانەوە لە گرتووخانەی ئیتلاعاتی سپا، بۆ بەندی ژنانی زیندانی ناوەندی ورمێ ڕاگوازرابوو.

شیاوی باسە ڤیان محەممەد چالاکی مەدەنی و خوێندکاری بواری ڕێوەبەری، ڕێکەوتی 10ی گوڵانی ئەمساڵ لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ماڵەکەی خۆی لەتاران دەستبەسەر و بۆ گرتووخانەی ئەوە ناوەندە ئەمنییە لە پادگانی ئەلمێهدی ورمێ ڕاگوازرا.
جێی بیرهێنانەۆەیە، فەرامەرز محەممەدی، هاوژینی ڤیان بەفرانباری ساڵی ڕابردوو هاوکات لە گەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پتر لە 120 چالاکی کورد لە شارە جیاجیاکان، لە تاران دەستبەسەر و بۆ ڕێخراوی ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە سنە ڕاگوازرا و پاش دوو مانگ بە دانانی بارمتەی 300 ملوێن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
جێی سەرنجە کە هاوکات لە گەڵ دەستبەسەری فەرامەرز محەممەدی، هاوژینەکەیشی، ڤیان محەممەدی بانگهێشتی ئەو ناوەندە ئەمنییە کرا و لێپرسینەوە لێکرا.

ق.ش

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *