میعاد بەهرام سۆهراب لە سلێمانی دەستبەسەر و مەترسی دیپۆرتکردنەوەی بۆ ئێران لەسەرە

KMMK:
بە پێی زانیاریەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، رۆژی 8ی مەی 2021زایینی، میعاد بەهرام سۆهراب، ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستان لە لایەن ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە شاری سلێمانی دەستبەسەر و ماوەی مانگێکە چارەنووسی نادیارە.
بە پێی زانیاری سەرچاوەیەکی بڕواپێکراوی KMMK، ناوبراو لە ژووری ئەو هۆتێلەی لێی نیشتەجێ بووە دەستبەسەر کراوە، دوایی ئەوەی کە چاوی دەبەستن، دەیگوێزنەوە بۆ زیندان، ئەوە ماوەی مانگێکە دەستبەسەر و هیچ پێوەندییەکی بە دەرەوەی زیندان نەبووە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان وێرای ئێدانە کردنی دەستبەسەرکرانی ناوبراو، داوا لە ئاسایش و ناوەندی دادوەری باشووری کوردستان دەکات، کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی ناوبراو ڕوون کاتەوە و بە زووترین کات ناوبراو ئازاد کات.
میعاد بەهرام سۆهراب ئەندامی پێشووی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان و چالاکی سیاسی رۆژھەڵاتی کوردستانە، لە ئەگەری ڕادەست کردنەوەی بۆ ئێران، ڕوبەڕووی مەترسی گیانی دەبێت و ناوبراو بە هیچ شێوەیەک نابێ ڕادەستی ئەو حکوومەتە بکرێت.
ناوبراو وەک پەناخواز لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند کراوە و داوا لە نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە باشووری کوردستان دەکەین هەوڵ بدات بۆ ئازادکردنی ئەو چالاکوانەی رۆژھەڵاتی کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *