KMMK:
دووشەممە 27ی گوڵانی 2721ی کوردی، ئەمیر ڕەزایی، تەمەن ٣٥ ساڵ خەڵکی ورمێ کە بە تۆمەتی مادە هۆشبەرەکان زیندانی کرابوو، بە هۆیی ئەشکەنجەی بەرپرسان و «بازجو»کانی زیندانی ناوەندیی حکوومەتی ئێران لە ورمێ گیانی لەدەست دا.
ناوبراو دوایی ئەوەی کە ئەشکەنجە دەدرێت و بە توندی لێی دەدرێت، لە هۆش دەچێت و لە بێهداری زینداندا گیانی لەدەست دەدات.
زانیارییەکان باس لەوە دەکەن کە یەکشەممە 26ی گۆڵان، بەهۆی تێکهەڵچوونی زیندانییانی بەندی 14ی زیندانی ناوەندی ئێران لە ورنێ، ئەمیر ڕەزایی و چەند زیندانیی دیکە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی دەکرێن و ناوبراو ئێوارەی ڕۆژی شەممە دوای کرانەوەی دەرگای ژووری تاکەکەسی بۆ بەندی 2- 1 هەڵدێت”.
چوار کەس لە بەرپرسانی زیندان ناوبراو دەگرن و بە تووندی ئەشکەنجە و ئازاری دەدەن و هەر ئەو ئەشکەنجەیە دەبێتە هۆی گیان لەدەست دانی.تەرمی ئەو زیندانییە بۆ دەرەوەی زیندانی ڕاگوێزراوە و هەتا ئێستا ڕادەستی بنەماڵەکەی نەکراوە.
ئەمیر ڕەزایی، ساڵی 2711 کوردی بە تۆمەتی کرین و فرۆشی ماددە هۆشبەرەکان دەسبەسەر و بە 20 ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان