گواستنەوەی دوو بەندکراوی ئاینی بۆ بەندیخانەی حکوومەتی ئێران لە ورمێ

KMMK:
دووشەممە 12ی گوڵانی 2721ی کوردی، دوو بەندکراوی ئاینی بە ناوەکانی «خالید ئیسماعیلی و نادر مەھدی» لە گرتوخانەی ئیدارەی ئیتلاعات بۆ بەندیخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ گوازرانەوە.

خالید ئیسماعیلی خەڵکی شاری نەغەدە و نادێر مەھدی خەڵکی شاری ورمێ لە رۆژھەڵاتی کوردستانن.
ناوبراوان لە بڕواری 27ی خاکەلێوەی ئەمساڵ لەلایەن ھێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات دەستبەسەر و بۆ یەکێک لە گرتوخانەکانی ئەم ناوەندە ئەمنیەتیە گوازابونەوە.

ئەم دوو کەسە تاوانبار کراون بە ھاوکاری لەگەڵ گروپگەلی ئاینی و سەلەفی و لە ئێستادا لە بەشی سیاسی بەندیخانەی ناوەندی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری ورمێ بەندکراون.

شایانی باسە کە کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی گۆڕەپانی چالاکی گروپە توندھاژوەکان و سەلەفی رێک خستووە، بە مەبەستی رێکخستنی دوبەرەکانی و لەناوبردنی ئاسایشی کوردستان، کەڵکیان لێ وەردەگرێت.

لە نوێترین دیاردە، چەند لاوێکی شاری مەریوان لەلایەن گروپگەلی تیرۆریستی سەلەفی بە پشتگیری کۆماری ئیسلامی ئێران بەرەوڕوی توندوتیژی و لێدان بونەتەوە، لە بری دەستبەسەر کردنی ئەم کەسانە شارۆمەندانی ناڕازی بەو ھێرشە دەستبەسەر کراون.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *