دەستبەسەری 12 گەنج لە مەریوان و پشتیوانی حکومەت لە چەتە سەلەفییەکان

KMMK:

دووشەممە 13ی گوڵانی 2721ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە مەریوان لە هێرشێکدا هەڵیان کوتایە سەر گردبوونەوەی نارەزایی گەنجانی مەریوانی و 12 کەسیان دەستبەسەر کرد کە ناونیشانی چوار کەسیان بە شێوەی خوارەوەیە.
1ـ کەژەوان فەیزی
2ـ شێرکۆ فەیزی
3ـ فوئاد فەیزی
4ـ ئاکۆ چاوگی
بە پێی هەواڵەکە، شەوی دووشەممە، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەڵیان کوتایە سەر قاوەخانەی پیربابا هەڵکەوتە لە چواڕیانی مەریوان و 12 کەس لەو گەنجانەی ناڕەزایان دەربڕیبوو سەبارەت بە هێرشی شەوی پێشتری هێزەکانی سەلەفی لە گەڕەکی دارسەیرانی مەریوان و دەستبەسەریان کردن و بۆ گرتووخانەی دامەزراوە ئەمنییەکانی ئێران لە مەریوان ڕایان گواستوون.

شیاوی باسە کە، ڕۆژی یەکشەممە گرووپێک لە سەلەفییە دەستنیشانکراوەکانی حکوومەتی ئێران لە هەوڵێکی لە پێشدا گەڵاڵەکراودا هێرشیان کردە سەر گەڕەکی دارسەیرانی مەریوان و بە چەقۆ، قەمە، شمشێر و چەکی گەرم دوو کەسیان بریندار کرد کە ناونیشانی یەکێک لە بریندارەکان” جەماڵ فەیزی” ڕاگەیەندراوە.

ئەو گرووپە سەلەفیانە لە لایەن حکوومەت پشتیوانی دەکرێن و بە دوور لە کلتووری هاوڵاتی بوون، ئارامیان لە کۆمەڵگا هەستاندوە و دژی داب و نەریتی کۆمەڵگا خەریکی ئاژاوەگێڕی و شێواندنی ژیانی خەڵکن.

بە پێی ئەو زانیاریانەی بە KMMK گەیشتوون، دۆخی سڵامەتی جەماڵ فەیزی ناجێگیرە و ناوبراو لە نەخۆشخانەی بووعەلی لە ژێر چاوەدێری قورسی پزیــشکیدایە.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *