KMMK:
هەینی 27ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە شاری دێلوڕان لە پارێزگای ئیلام وەرزشکارێک ناسراوی ئەم شارە بە ناوی ئەکبەر(هیوا) حەیدەر پوور دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواست.
بە گوێرەی هەواڵەکە، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە بێ نواندنی حوکمی قەزایی و لە ڕێی زۆرەوە هەڵیان کوتایە سەر ئەو وەرزشوانە و دەستبەسەریان کرد.
بە پێی کوتەی سەرچاوەیەکی خۆجێی، هێزە ئەمنییەکان، پاش پشکنینی ماڵی هیوا حەیدەر پوور هەندێ لە کەرەستەی تایبەتی ناوبراو وەکوو موبایلەکەیان دەستبەسەردا گرت و لە گەڵ خۆیان بردوویانە.
سەرچاوەی ناوبراو هەروەها ڕوونی کردەوە کە، دەستبەسەری ئەم گەنجەی خەڵکی دێلۆڕان بە تۆمەتی هاریکاری حیزبێکی کوردستانی دژبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بووە.
شیاوی باسە کە، سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی ئەم گەنجە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی ناوبراو زانیارییەک بە دەستەوە نییە.
ئەکبەر حەیدەر پوور خاوەنی بڕوانامەی دوکتۆری جیهانی هونەرە ڕەزمییەکانی فیدراسیۆنی جیهانی WFSF، ئەندامی شۆرای ئۆلەمپیکی خوێندکاری ئاسیا و دامەزرێنەر و بەرپرسی ڕێکخراوی جیهانی ئۆرجیناڵی کیک بۆکسینگ(WOK)ـە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســتان