KMMK:
شەممە 28ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، گیراوی سیاسی وریا فەرەجی، خەڵکی گوندی “نێ” سەر بە مەریوان، لە زیندانی حکوومەتی ئێران لەو شارە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.
ناوبراو، چوارشەممە 20ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی ئیزنی هاتنەدەری پێدرابوو و بە مەرەخەسی لەدەرەوەی بەندیخانە بوو.
جێ ئاماژەیە کە ئەو گیراوە سیاسیە بۆ دەربازکردنی ماوەی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی حکوومەتی ئێران لە مەریوان کرابوو.
وریا فەرەجی لە دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران لە مەریوان، بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران” بە پێنج ساڵ زیندانی تەعزیریی مەحکووم کرابوو کە ئەو حوکمە لە دادگای پێداچوونەوەدا بۆ دوو ساڵ زیندانی تەعزیریی کەم کرابووەوە.
وریا فەرەجی چوارشەممە 20ی پووشپەڕی ساڵی 2717، بە تۆمەتی “هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردستانیەکانی ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێران”، لەلایەن هێزه ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر و پاش 34 ڕۆژ دەسبەسەری لە زیندانی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتەی 120 ملیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان