دۆخی جەستەیی نالەبار و بەردەوامی ئەشکەنجەی فەرۆخ پەژووهەندە لەلایەن ئێرانەوە

KMMK:
فەرۆخ پەژووهەندە، زیندانی سیاسی 59 ساڵان و خەڵکی سەقز، سەرەڕای ئەوەی تووشی نائاسودەیی زۆری جەستەیی بووە، لە زیندانی حکومەتی ئێران لە سەقزەوە گوازرایەوە بۆ زیندانی «اوین» له تاران.

سەرەڕای شەش ساڵ لە دەسبەسەرکردنی، ناوبراو هێشتا لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە تۆمەتی “ئەندامێتی لە حیزبی کۆمەڵە” ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی دەکرێت.
دوای گواستنەوەی ناوبراو بۆ زیندانی اوین، دۆسیەی فەرۆخ پەژووهەندە، بۆ داواکاری گشتیی نێردراوە و چاوەڕێی دادگایکردنە.
جێگای ئاماژەیە، کە برای ئەو گیراوە سیاسیە لە سەقز بە تۆمەتی کوشتنی دادوەرێکی حکوومەتی ئێران لەسێدارە دراوە و ئێستاش فەرووخ پەژووهەندە تۆمەتبارە بە هاوکاری کردن لەگەڵ براکەی لەو ڕوداوەدا.

فەررۆخ پەژووهەندە، سەرەڕای ئەوەی چەندین مانگە لەلایەن کاربەدەستانی ئیتلاعاتی ئێران ئەشکەنجە دەدرێت بە جۆرێک کە هێشتا شوێنەواری ئەشکەنجە بە جەستەیەوە هەیە، بەڵام تا ئێستا تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنەکەی قبوڵ نەکراوە و هیچ تۆمەتێکی لەسەر نەسەلمێندراوە.

وەزارەتی ئیتلاعات بەردەوام فەرۆخ پەژووهەندە لە زیندانێ بۆ زیندانێکی دیکە دەگوازێتەوە و هەوڵ دەدات فشار و ئەشکەنجەی دەروونی بخاتە سەر ئەم زیندانییە سیاسییە. پێشتریش ناوبراو جێگۆرکەی زیندانەکانی حکومەت لە ورمێ، کرماشان، سنە و لوڕستان پێکرابوو.

لە خاکەلێوەی 2720دا، فەرۆخ پەژووهەندە یەکێک بوو لەو زیندانیانەی کە لە کاتی شۆڕشی زینداندا لە کاتی سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنادا لە زیندانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە سەقز هەڵاتبوو. بەڵام پاش ماوەیەک جارێکی تر لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەرکرایەوە.
ئەشکەنجەی فەروخ پەژووهەندە بە شۆکەر و میلەی ئاسن وای لێکردووە کە ناوبراو تووشی نەخۆشی دیسکی کەمەر ببێت. ناوبراو لە کاتێکدا کە چاوی بەستراو و کەلەپچە کرابوو، لە قادرمەی باڵەخانەی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە فڕێدراوەتە خوارەوە.
فەرۆخ پەژووهەندە بەدەست نەخۆشی شەکرە، دیسکی کەمەر و ئاوی مروارید دەناڵێنت و تا ئێستا لەلایەن دەسەڵاتدارانی زیندانەوە هیچ کاریک بۆ کڕینی ئەنسۆلین و چارەسەری نەکراوە، هاوکات دەرمانی ئەنسۆلینی لەلایەن مالباتەکەیەوە بە زەحمەتێکی زۆر دابین دەکرێت.
هەرچەندە ئەم زیندانی سیاسی بۆ چارەسەری دیسک و نەخۆشییەکانی تری پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە، بەڵام بەرپرسانی زیندان ئەو کارەیان ڕەتکردۆتەوە و دۆخی تەندروستی ناوبراو بەرچاو ناگرن.

منداڵە 9 ساڵەکەی فەرۆخ پەژووهەندە، بە هۆی کەمئەندامی جەستەیی دەناڵێنت و کەس نییە ئاگاداری لێبکات.

کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلکترۆنیکەت بڵاو ناکرێتەوە . خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *