KMMK:
بە پێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، پێنج هاوڵاتی دەستبەسەرکراوی خەڵکی بانە هێشتا بە دەستبەسەرکراویی ماونەتەوە و چارەنووسیان نادیارە.
هاوژین قادری، ڕێبوار قادری، بێهروز قادری، جەلیل خودایی و پەرویز قادری هاوڵاتیانی دەستبەسەر کراوی خەڵکی گوندی یەقووب ئاوای سەر بە شاری بانە، پتر لە دە ڕۆژە کە دەستبەسەرکراون و تا ئێستەش هیچ چەشنە پێوەندییەکیان لە گەڵ دەرەوەی زیندان نەگرتووە.
ئەم پێنج هاوڵاتییە لە کاتی دەستبەسەرییەوە مۆڵەتی دەستبەسەری و چاوپێکەوتنیان لە گەڵ بنەماڵه پێنەدراوە و لە شوێنێکی نادیاردا ڕاگیراون.
شیاوی باسە کە ئەم هاوڵاتیانە پێنجشەممە 5ی خاکەلێوەی 2721ی کوردی، له لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێرانەوە لە بانە دەستبەسەر کراون.
سەرەڕای بەدواداچوونی بنەماڵەی دەستبەسەرکراون تا ئێــستا زانیارییەک لەمەڕ هۆکاری دەستبەسەری و شوێنی ڕاگیرانیان بەدەستەوە نییە.
سەرچاوە خۆجێییەکان شیمانەی ئەوە دەکەن دەستبەسەری ئەم هاوڵاتییانە پێوەندی بە نەورۆز و ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزە هەبێ.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردســـتان