KMMK:
بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان، فەرشاد فەتاحی بە سێ ساڵ زیندان سزا دراوە و «عەزیز قادرتاج»خەڵکی شنۆ، دوایی کۆتایی ھاتنی لێکۆڵینەوە بۆ گرتووخانەی حکوومەتی ئێران لە شاری ورمێ ڕاگواستراوە.
چوارشەممە 13ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، فەرشاد فەتاحی، خەڵکی ورمێ، لەلایەن لقی2ی دادگای ئینقلابی حکوومەتی ئێران بە سەرۆکایەتی دادوەر «شیخلوو» بە سێ ساڵ زیندان حوکم دراوە.
ناوبراو تۆمەتبار کراوە بە “ئەندامەتی لە گرووپە ئایینیەکان” جێی ئاماژەیە کە سێشەممە 6ی خەزەڵوەر، ناوبراو دوایی کۆتایی لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی حکوومەتی ئێران لە ورمێ بۆ زیندانی ناوەندیی ڕاگوێزرابوو.
ناوبراو، پێنجشەممە 3ی ڕەزبەر، بەبێ بەڵگەی قەزایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.
لە درێژەی زانیاری گەیشتوو هاتووە کە چوارشەممە 13ی ڕەشەمەی 2720ی کوردی، هاووڵاتییەک بە ناوی «عەزیز قادرتاج» خەڵکی شنۆ، پاش کۆتایی لێکۆڵینەوەی ناوەندە ئەمنییەتییەکانی ئێران لە ورمێ، بۆ زیندانی حکومەت لەو ئەو شارە ڕاگوێزرا.
ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەرکرانی لە مافی هەبوونی پارێزەر و پێوەندی بە ماڵباتی بێبەش کراوە. ناوبراو یەکشەممە 12ی ڕێبەندانی ئەمساڵ لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی ئێران و بەبێ بەڵگەی یاسایی دەستبەسەرکرا.
عەزیز قادرتاج مامۆستای قۆتابخانەی سەرەتایی گوندی “نەرزیوە”ی شاری شنۆ لە پارێزگای ورمێیە.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان