KMMK:
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان کوشتنی «سوخت بەرەکان»ی بەلوچ و خەڵکی ناڕازی لەلایەن ھێزەکانی سپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە کردەوەی نامرۆڤانە و کۆمەڵکوژی دەزانێت و ئەم کردەوەیە بە توندی ئیدانە دەکات.
دووشەممە 4ی رەشەمە، ھێزەکانی سپای پاسداران 9 نەفەر لە گروپێک لە سوختبەرەکان لە ناوچەی سنوریی سەراوان لە بەلوچستان دەکوژن و پەنجا کەسیش بریندار دەکەن. لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم کردەوە، سێ شەممە 5ی رەشەممە خەڵکی بەلوچستان و شارمەندانی سەراوان لە ناڕەزایەتی لەم کردەوە شۆڕش دەکەن و کاردانەوەی توندی ھێزە ئەمنیەتیەکانی ئێرانی لێ کەوتەوە و بە دەیان کەسی تر بریندار کران و کوژران.
بە پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان لە رۆژی چوارشەممە و مانگرتنی خەڵکی ناڕازی، ھێرشی ھێزەکانی سپای پاسداران بۆ سەر خەڵک پەرەی سەند و رێژەی کوژراوان و بریندارەکان روی لە ھەڵکشان کردووە.
حکومەت دام و دەزگا و ناوەندە حکومەتیەکانی داخستوە و رایگەیاندووە کە بە ھەناردەکردنی ھێزی زۆرتری سەربازی ھەوڵی زۆرتر دەدات بۆ داپڵۆسانی خەڵکی ناڕازی و کەشی نایاسایی راگەیاندووە لە بەلوچستان.
ھەڵاوردەیی سیاسی و ئابوری کۆماری ئیسلامی ئێران، ھەڵاوردیی نەتەوەیی و زمانی، سیاسەتی کۆیلایەتی، سەپاندنی ھەژاری، بێکاری و گۆڕینی رێژەی دانیشتوان بوەتە ھۆی سەرەکی نالەباری سەپێندراو بەسەر بەلوچستان و کوردستان.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان سەرەڕای دەربڕینی ھاوخەمی بۆ گەلی بەلوچ و بنەماڵەی گیان بەختکراوان، کۆمەڵکوژی خەڵکی بێ ھانا لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بە توندی ئیدانە دەکات و داوا لە کۆمەڵگا و نەتەوەکانی بندەستی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات، بە ھەوڵی ھاوبەش بە ھانای خەڵکی بەلوچستانەوە بڕۆن و لە ئاست ئەم زەبر و زەختە بێدەنگ نەبن. هاوکات داوا لە رێکخراوەی نەتەوە یەکگرتوەکان دەکات کردەوە دژە مرۆڤیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ئاست نەتەوە ژێردەستەکان ڕابگرێت.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان